رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە پەلەوەرخانەیەک لە سنووری ناحیەی بنگرد لە قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی، نزیکەی 15 هەزار مریشک لەنێوچوون.
رووداوەکە ئەمڕۆ هەینی لە گوندی بێمووشە روویداوە. بەهۆی نزیکیی سنوورەکە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینەوە، بەرگری شارستانیی رانیە چوون بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
رائید عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پەلەوەرخانەکە نزیکەی 16 هەزار مریشکی تێدا بووە، تەنیا هەزار بۆ هەزار و 500 دانەیان ماون. ئەوانی دیکە لەنێوچوون".
عەلی قادر گوتی: "زۆرینەی مریشکەکان بە دووکەڵ خنکاون و بەشێکی کەمیان بەهۆی ئاگرەوە سووتاون".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی راپەڕین ئاماژەی بەوەشکرد، رووداوەکە سنووری ئەوان نەبووە و وەکو کارێکی مرۆیی چوون بۆ کۆنترۆڵکردنی. گوتیشی: "لەبەرئەوەی لە ئێمەشەوە نزیکەی 50 خولەک دوور بوو، زیانەکان زۆر بوون".
تاوەکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە نەزاندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ