رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای وان، قەدەخەی هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپیشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونهوه و خێوهتههڵدانی لە پارێزگەکەدا بۆ ماوەی چوار رۆژ راگەیاند. هۆکاری قەدەخەکە بۆ "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نێوخۆیی، رێگەگرتن لە هەر جۆرە پیلانێکی تێکدەرانەی تیرۆر، پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان" گەڕاندەوە.
پارێزگای وان لە راگەیێندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو "لەپێناو یەکڕیزیی گەل، یەکپارچەیی وڵات، پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، رێگریکردن لە تاوان، پاراستنی تەندروستیی گشتی و رێگریکردن لە تووندوتیژی، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ئەلیف و جیم لە 11ـیەمین مادەی یاسای ژمارە 5442ـی بەڕێوەبردنی شارەکان و 17ـیەمین مادەی یاسای ژمارە 2911ـی چالاکییەکان، کۆمەڵێک رێوشوێن گیراونەتەبەر."
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، لە کاژێر 00:00ـی رۆژی 25ـی تشرینی دووەم تاوەکو کاژێر 23:59ی رۆژی 28ـی تشرینی دووەمی 2023، بۆ ماوەی چوار رۆژ بەدەر لەو چالاکییانەی لەلایەن پارێزگا و قایمقامییەتەکانەوە مۆڵەتیان پێدەدرێت، قەدەخەی هەموو جۆرە گردبوونەوەیەک و چالاکییەک قەدەخەیە.
ئەو قەدخەکردنە لەکاتێکدایە، پێشتر و لە 22ـی ئەم مانگە، لە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان بەهەمان شێوە قەدەخە راگەیێندرا و لە راگەیێندراوەکەشدا باس لەوە کرابوو، لە کاژێر 00:00ـی رۆژی 22ـی تشرینی دووەم تاوەکو کاژێر 23:59ـی رۆژی 28ـی تشرینی دووەمی 2023، بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەدەر لەو چالاکییانەی لەلایەن پارێزگا و قایمقامییەتەکانەوە مۆڵەتیان پێدەدرێت، هەموو جۆرە گردبوونەوەیەک و چالاکییەک قەدەخەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ