رووداو دیجیتاڵ
لەدوای فەرمانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ سەرجەم تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فڕۆکەوانیی فریاگوزاریی هەولێر، گەڕان بەدوای ئاڤێستادا چڕتر بووەتەوە. باوکی ئاڤێستا سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکات و دەڵێت، ''خەمخۆرە لە دۆخەکە.''
ئەمڕۆ هەینی 11-04-2025، یوسف بەرزنجی، باوکی ئاڤێستا ئەو کچەی کە 5ـی نیسانی 2025 کەوتە نێو تەنگاتوور لە قەزای مێرگەسۆر و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە، بە ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆری میدیایی رووداوی گوت، ''سەرۆک ئەو خەمخۆرەیە کە وەک منداڵێکی خۆی بێت؛ ئێستا ئاڤێستا کچی ئەوە رۆیشتووە، من بە کچی ئەوم داناوە''.
دوێنێ پێنجشەممە پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەمەبەستی چڕکردنەوەی هەوڵەکانی دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا سەید یوسف، ئێوارەی ئەمڕۆ، مەلا مستەفا مەسعود بارزانی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بۆ بەجێگەیاندنی راسپاردە و فەرمانی سەرۆک بارزانی، پارێزگاری هەولێریان راسپارد کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تیمی فڕۆکەوانی فریاگوزاری شاری هەولێریش، لە سنووری (بێخمە تاوەکو قەزای خەبات) بخرێنە ئەرک و هەوڵەکان چڕتربکرێنەوە بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا یوسف.
بەگوتەی باوکی ئاڤێستا، لە رۆژی رووداوەکەوە سەرۆک بارزانی چەند جار بەو بارانە، شێخ بابۆ (مەلا مستەفا مەسعود بارزانی) ناردووە، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە سەردانی بکەن و لە رەوتی گەڕان بەدوایدا بپرسنەوە.
یوسف بەرزنجی گەشبینە بۆ دۆزینەوەی ئاڤێستا و دەڵێت، ''جەنابی سەرۆک خەمخۆرە لە دۆخەکە، ئەویش کە خەم لە شتێک بخوات، سەبری هەیە، بەڵام قسەکانی قسەی نەستەقن. مادام سەبرمان هەیە دەیبەینەوە، ئەمڕۆش ئینشاڵڵا ئاڤێستا دەبینرێتەوە و تەسمیلی دەستی سەرۆک دەکرێت.''
باوکی ئاڤێستا گوتی: ''پێویست ناکات من خەم لە کچەکەم بخۆم، لەبەر ئەوەی ئاڤێستا چووەتە نێو هەموو ماڵێکی کوردستان. جەنابی سەرۆک، هیچ کەموکوڕییەکی (قسوور)ـی نەبووە بۆ ئێمە، بۆیە هەتا ماوم قەرزداری ئەوم.''
24 بۆ 28 تیمی بەرگریی شارستانی بە زیاتر لە 120 کارمەندەوە بە درێژایی 25 کیلۆمەتری رووباری شانەدەر بڵاوبوونەتەوە و لەگەڵیاندا دەیان هاونیشتمانی خۆبەخشانە بەدوای تەرمی ئاڤێستادا دەگەڕێن.
لێڵی رووبارەکە و تێژڕۆیی ئاو بەربەستی سەرەکین بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا. تیمەکان جیا لە گەڕان، بە تەکنیکی دروستکردنی شەپۆل لە رووباردا، هەروەها فڕۆکە، درۆن و ئامێری سۆنەر هەوڵی دۆزینەوەی ئاڤێستا دەدەن.
ئاڤێستا یوسف بەرزنجی، تەمەن 27 ساڵ، دانیشتووی هەولێر، کاژێر 09:50ـی بەیانی رۆژی 5ـی نیسانی 2025 کەوتە نێو رووباری تەنگاتوور لە قەزای مێرگەسۆر و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ