رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کوژاندنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەشتی بەڕانەتی لە پارێزگای هەولێر کە جووتیارانی نیگەران کردووە، لەلایەن ئەوانەوە نەبووە، بەڵکو لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە کراوە.
روونکردنەوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، "ماوەیەکە ئاگاداری کێشەی جووتیارانی ناوچەی بەڕانەتی دەشتی هەولێرین. کەسایەتی و نوێنەریان هاتوونەتە وەزارەتمان و پێشوازییان لێکراوە و بەڕێزەوە گوێیان لێگیراوە. بەپێی تایبەتمەندی و پێویستی هەنگاوی پاڵپشتیمان بۆ لایەنی پەیوەندیدار بۆ گرتوونەتەبەر".
دوێنێ بەشێکی جووتیارانی دەشتی بەڕانەتی گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییەتییان کرد و داوایان کرد، زەوییە کشتوکاڵییەکانیان نەدرێتە فەرمانبەران.
وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "بۆ رێکارەکانی کوژاندنەوەی ئەو زەوییانە بە هیچ جۆرێک و لە هیچ لیژنەیەک کە دروستکراوە، وەزیری کشتوکاڵی تێدا نییە، سەرەڕای ئەوەش ماوەی رابردوو رێگری زۆرمان کردووە لە چۆنیەتی بەکارهێنان و کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی بۆ پڕۆژەی ناکشتوکاڵی. خودی وەزیر بەدواداچوون و پاڵپشتی داواکاری جووتیارانی دەشتی بەڕانەتی کردووە بۆ پارێزگاری لەو زەوییە بە پیتانە و خاکی ئەو ناوچەیە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزارەتی کشتوکاڵ بە نووسراوی ژمارە 138 لە 13-06-2024 سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئاگادار کردووەتەوە و بۆچوونی خۆیان لە 7 خاڵدا بۆ خستوونەتەڕوو، کە "لە خاڵی یەکەمدا بە روونی ئاماژەمان کردووە بە پاراستنی زەوی بەپیتی کشتوکاڵیی و نەکوژاندنەوەی ئەو زەوییانە لە پێناوی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و بەردەوامبوونی کاری جووتیاری".
وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، "کوژاندنەوەی زەوییەکانی ئەو ناوچانە بە نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (3392) لە 23-07-2024 بووە و دەسەڵات دراوە بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ کوژاندنەوەی راستەوخۆی زەوییەکان، ئەوەش لەسەر پێشنیازی کۆنووسێکی تایبەت بە وەزارەتی شارەوانی بووە و بە هیچ جۆرێک وەزیری کشتوکاڵ ئاگادار نەبووە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزارەتی کشتوکاڵ نووسراوێکی بە ژمارە 283 لە 13-11-2024 ناردووە بۆ نووسینگەی وەزیری شارەوانی بۆ کۆبوونەوەیەکی هاوبەش، بە نووسراوی ژمارە 37 لە 13-01-2025 وەڵام دراونەتەوە و وەزارەتی شارەوانی گوتوویەتی، "پێیان باشە کۆبوونەوە بکەوێتە دوای پێکهێنانی کابینەی دەیەم، ئەویش بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە پلانی کوژاندنەوە و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا".
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "جەختمان کردووەتەوە لەسەر رەچاوکردن و پارێزگاری لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و گۆڕینی ئاراستەی کوژاندنەوەی زەوییە بە پیتەکانی کشتوکاڵی بۆ دابینکردنی زەوی بەردەڵانی بەپێی نەخشەی ناوچە پێشنیازکراوەکان. داواشمان کردووە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ بکرێت بۆ یەکلاکردنەوە و دیاریکردنی ئەو زەویانەی کە تەرخان دەکرێت بۆ فەرمانبەران".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ