رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆماری باری کەسیێتیی پارێزگاکانی سنە، ورمێ و ئیلام ئاماری لەدایکبوونیان لە 9 مانگی ئەم ساڵی هەتاوی بڵاوکردەوە، لە سێ پارێزگاکە رێژەی لەدایکبوون بە تێکڕا 8.3٪ کەمبووەتەوە.
لە پارێزگای سنە لەو ماوەیەدا 14 هەزار و 615 منداڵ لەدایکبوون، کە 9٪ کەمترە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.
لە سەرەتای بەهارەوە تاوەکو کۆتایی پاییز، لە پارێزگای سنە 9 هەزار و 730 گرێبەستی هاوژینی کراون، کە 4.3٪ زیاترە لە پار. هەروەها 4 هەزار و 412 دۆسیەی جیابوونەوەش تۆمارکراون، کە 13.7٪ زیاترە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.
لە پارێزگای ورمێش لەدایکبوون ئەم ساڵ بەراورد بە پار 9٪ کەمبووەتەوە. لە 9 مانگی یەکەمی ساڵی رابردووی هەتاویدا، لەدایکبوونی 38 هەزار و 322 منداڵ تۆمار کراوە، بەڵام ئەم ساڵ لەو ماوەیەدا 34 هەزار و 651 منداڵ لەدایک بوون.
لەو پارێزگایە؛ هەروەها ئاماری پێکهێنانی هاوژینی لە 9 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا بڵاوکراوەتەوە و پێشانی دەدات رێژەکە نزیکەی 10٪ کەمبووەتەوە. ئەم ساڵ 15 هەزار و 255 دۆسیەی هاوژینی لەو پارێزگایە تۆمارکراون.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری باری کەسیێتیی پارێزگاکە، لە 9 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا پێنج هەزار و 195 دۆسیەی جیابوونەوەی هاوژینەکان تۆمارکراوە کە 4٪ کەمترە لە ماوەی هاوشێوەی پار.
لە پارێزگای ئیلام بەپێی ئاماری فەرمی بەڕێوەبەرایەتی تۆماری باری کەسێتیی پارێزگاکە، لە 9 مانگی ئەم ساڵی هەتاوی چوار هەزار و 691 لەدایکبوونی منداڵ تۆمارکراوە کە 7٪ کەمترە لە پار. هەروەها پێکهێنانی هاوژینی 2٪ زیادیکردووە و 3 هەزار و 500 دۆسیەی مارەبڕین تۆمارکراوە. جیابوونەوەی هاوژینەکانیش بەراورد بە پار 16٪ کەمبووەتەوە و 739 دۆسیەی جیابوونەوە تۆمارکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ