لە سەمسوور جووتیاران بۆ پاراستنی باخەکانیان لە سەرما پانکە هەڵدەکەن

19-04-2025
هەوار ئیسماعیل
باخێکی بادەم لە سەمسوور
باخێکی بادەم لە سەمسوور
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جووتیاران لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان، بۆ پاراستنی باخەکانیان لە سەرما پانکە هەڵدەکەن. لەم ڤیدیۆیەدا باخێکی بادەم دەبینن کە جووتیارێک پانکەی بۆ هەڵکردووە دوای ئەوەی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دابەزین. بەو شێوەیە جووتیاران بەرهەمەکانیان لە سەرما دەپارێزن.

فەهمی تورانلی، جووتیارە و دەڵێت، "بە پاڵپشتیی پڕۆژەکە 7 پانکەی دژە بەستنمان لە باخچەکەمان داناوە، ئەوان لەکاتی دابەزینی پلەی گەرما بۆ خوار سفر کاردەکەن و بادەمەکان دەپارێزن، کاتێک لە گوڵدان دەیانپارێزن تەنانەت بۆ چوار پلە لە خوار سفریشەوە دەیانپارێزن، لە سەرما و سۆڵەی ئەمساڵدا بەهۆی ئەم سیستمەوە زیانێکی گەورەمان پێنەگەیشتووە".
 
پانکەکانی دژە بەستن چوار پلە لەژێر سفر گوڵی دارەکان و تاوەکو 8 پلە لەژێر سفر بەرهەمی دارەکان دەپارێزێت. سەرۆکی یەکێتیی بەرهەمهێنەرانی بادەم لە شارۆچکەی کۆلک دەڵێت پێویستە ئەم سیستمە فراوانتر بکرێت و کاربەدەستان پشتیوانیی جووتیاران بکەن.
 
محەممەد سەنا یڵدرم، سەرۆکی یەکێتیی بەرهەمهێنەرانی بادەمی کۆلک گوتی "سەرما و سۆڵە کە لە سەرتاسەری وڵاتەکەماندا، لە 51 پارێزگادا زیانی لێکەوتەوە، کاریگەری لەسەر پارێزگاکەمان هەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێک لە جووتیارەکانمان پانکەی دژە بەستانیان بەکارهێناوە، زیانەکان نەگەیشتوونەتە باخەکانیان".
 
لە بەشێکی شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، لە رۆژانی نێوان 11 بۆ 12ی نیسانی ئەم ساڵ پلەی گەرما لەناکاو بۆ 13 پلە ژێر سفر دابەزی. ئەمەش زیانێکی بەرچاوی بە جووتیاران گەیاند.
 
بڕیار دراوە دوای هەڵسەنگاندنی زیانەکان کۆمیسیۆنێک پێکبهێنرێت و پاڵپشتی جووتیاران بکرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە