رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی کوردستان بەرنامەیەکی نوێی داهێناوە بۆ پشتگیریی دەرچووانی و دەرفەتی دۆزینەوەی کار و پاڵپشتیکردنیان لەدوای تەواوکردنی خوێندن دەڕەخسێنێت.
"کۆمەڵەی دەرچووانی زانکۆی کوردستان"، زیاتر لە 1400 بەکارهێنەری هەیە، پڕۆژەیەکە تایبەتە بەو خوێندکارانەی لە زانکۆکە خوێندنیان تەواو کردووە و وەکو پردێک کار دەکات لەنێوان دەرچووان و بازاڕی کار دا.
یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی بەرنامەکە رەخساندنی هەلی کارە بۆ دەرچووان. ئەوان دەتوانن رۆژانە ئەو ئۆفەرانە ببینن کە کۆمپانیا و خاوەن کارەکان پێشکێشیان دەکەن.
مستەفا حاجی، دەرچووی زانکۆی کوردستان بە رووداوی گوت، "هەر کارێک کە پۆست دەکرێت لەو بەرنامەیەوە، خوێندکارەکان ئاگادار دەکرێنەوە کە لەو کۆمپانیایە کارێک هەیە و دەتوانن داوای بکەن. بەم کۆتاییانە یەکێک لە هاوڕێکانی خۆم کە لە ساڵی 2023 دەرچووبوو، دوای دەرچوون کاری دەستکەوت، بەڵام لەڕێگەی ئەو بەرنامەیەوە توانی کاری خۆی بگۆڕێت بۆ یەکێکی باشتر."
جگە لە دۆزینەوەی هەلی کار، ئەندامانی کۆمەڵەکە دەتوانن لە داشکاندنەکان سوودمەند بن و ئاگاداری هەر هەواڵ و چالاکییەک بن کە لە زانکۆکەیان بەڕێوەدەچێت.
کۆمەڵەی دەرچووانی کوردستان کە لە ساڵی 2019 دامەزراوە، ئەم ساڵ پڕۆژەیەکی نوێی بەناوی "بەخشین" بۆ خزمەتکردنی خوێندکارانی زانکۆ رادەگەیێنن.
ئارارات عەبدوڵڵا، کارمەندی بەشی پەیوەندییەکانی دەرچووانی زانکۆی کوردستان دەڵێت: "کۆمەڵێک پڕۆگراممان لە زانکۆی کوردستان هەیە کە دەرەکین و خوێندکارەکان دەچنە دەرەوەی وڵات بۆ وەرزێک یان ساڵێک لەوێ دەخوێنن. خوێندکار هەیە دۆخی دارایی رێگە نادات کە بتوانێت بەشداریی بکات لەم پڕۆگرامانە، بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین لە رێگەی کۆمەڵەی دەرچووانی زانکۆی کوردستانەوە و لە رێگەی پڕۆژەی تایبەتی بەخشین، بتوانین یارمەتیدەریان بین ئەوانیش وەک هەر قوتابییەکی دیکە دەرفەتی ئەوەیان هەبێت بڕۆن بۆ ئەو وڵاتانە."
زانکۆی کوردستان تائێستا دوو هەزار و 554 دەرچووی هەیە و بەپێی ئامارەکان، نزیکەی 90٪یان لە بازاڕی کاردا دامەزراون، ئەمەش رێژەیەکی بەرچاوە بەراورد بە زانکۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ