وەزارەتی کشتوکاڵ: تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە

19-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، هیچ تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە.

رۆژی شەممە، 19ـی نیسانی 2025، رابەر محەممەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان هیچ تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون تۆمارنەکراوە. لە ساڵی 2023ـەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و لەسەر داواکاریی وەزارەتی کشتوکاڵ، دوو ملیار و 700 ملیۆن دینار بۆ هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ کڕینی دەرمان تەرخان کراوە."
 
وەک بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "هەموو ساڵێک پێش ئەم کاتە، ئامادەکاری بۆ خۆپاراستن لە گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسە دەکەین. مانگێک پێش ئێستاش لیژنەیەکی ژووری ئۆپەراسیۆن لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ، ناوخۆ و تەندروستی پێکهێندرا کە دەرمان ئامادە دەکرێت و ئاژەڵەکان بە دەرمان دەشۆردرێن."
 
تاوەکو ئێستا لە کەرکووک دوو کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەست داوە. 
 
رابەر محەممەد داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، ئەو هۆشدارییانە بە هەند وەربگرن کە وەزارەتی کشتوکاڵ و تەندروستی رایان دەگەیێنێت و ئەو گۆشتە نەکڕن کە لە شەقامەکان دەفرۆشرێ و ماوەیەکی زۆرە لە دووکانەکان هەڵواسراوە؛ باسی لەوەشکرد، دوای ئەوەی ئاژەڵ سەردەبڕدرێت، دەبێت 18 بۆ 19 کاژێر لە ساردکەرەوەکاندا بمێنێتەوە، چونکە 95٪ـی ڤایرۆسەکان ناچالاک دەکات و توانای گواستنەوە بۆ مرۆڤیان نامێنێت.
 
تای خوێنبەربوون چۆن دەگوازرێتەوە؟
 
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و جاروباریش دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: رێژەی مردن لەنێو تووشبووان 10٪ بۆ 40٪ـە. ڤایرۆسەکە لە رێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ کە رێگەکانی گواستنەوە بریتین لە:
 
- لە کاتی پێوەدانی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لە کاتی بەرکەوتن بە ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- خواردنی گۆشتی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- بەریەککەوتن لەگەڵ کەسێکی تووشبوو
- بەریەککەوتن لەگەڵ جرج و مشک
 
نیشانەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون:
 
- تا
- شەکەتی و هەستکردن بە بێهێزی
- سەرسووڕان
- ئازاری ماسوولکە، ئێسک یان جومگەکان
- هێڵنج و رشانەوە
- سکچوون

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە