یەکێتی و گۆڕان: باسی نەخشەڕێگەیەکی هاوبەشی کوردستانیمان کرد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق

25-11-2023
نیشانەکردن یەکێتی گۆڕان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
لە کۆبوونەوەی شاندی باڵای یەکێتی و گۆڕان، ئەمڕۆ هەردوولا باسیان لە کۆمەڵێک بابەت کرد، لەنێویاندا "ئامادەکردنى نەخشەڕێگەیەکى هاوبەشى کوردستانى بۆ پەیوەندى و مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق، ناوچەکە و حکومڕانیی هەرێمى کوردستان.''
 
شاندی باڵاى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بە سەرۆکایەتى بافڵ تاڵەبانى و شاندى یاوەرى لە مەکتەبی سیاسی، ئەمڕۆ شەممە، 25-11-2023، سەردانى مەکۆى سەرەکیى بزووتنەوەى گۆڕانی لە شارى سلێمانى کرد و لەلایەن شاندى باڵاى بزووتنەوەى گۆڕان بە سەرۆکایەتی مستەفا سەید قادر و شاندى خانەى راپەڕاندن و جڤاتى نیشتیمانى پێشوازیان لێکرا.
 
بەپێی راگەیێندراوی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان، لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێکى "گرنگ و هەستیارى پەیوەندیدار بە ژیان و گوزەرانى خەڵک، دۆسیەى سیاسى، ئیدارى و ئەمنى ناوچەکە، عێراق و هەرێمى کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا".
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پرسى یەکخستنى نێوماڵى کورد و ئامادەکردنى نەخشەڕێگەیەکى هاوبەشى کوردستانى بۆ پەیوەندى و مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق و ناوچەکە و حکومڕانى هەرێمى کوردستان، گفتوگۆى لەسەر کرا". هەروەها ''جەختکرایەوە لەوەی لەو پشێوى و ئاڵۆزییانەى لە ناوچەکەدا هەن، هەوڵبدرێت کورد نەچێتە سەنگەربەندیی نێوان لایەنە ناکۆکەکان، ئاسایش و ئارامیی هەرێمى کوردستان و هاووڵاتییان لە هەر ئەگەرێکى نەخوازراو بپارێزرێت.''
 
دۆخى ژیان و بژێویى هاونیشتمانیان و کاریگەریی قەیرانى دارایی لەسەر مووچەخۆران و مامۆستایان ''بەشێکى گرنگى کۆبوونەوەکەى پێکهێنا'' هەر بەپێی راگەیێندراوەکە ''هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەى؛ حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵی بگەنە خاڵى هاوبەش و رێککەوتن، بۆ چارەسەرى کێشەى پشکى هەرێم و دابینکردنى مووچە لەکاتى خۆیدا، ئەمەش لەپێناو دەستپێکردنەوەى پرۆسەى خوێندن لە سنوورى پارێزگەکانى سلێمانى، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، هەروەها بۆ چارەسەرى کێشەکانى تەندروستى و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیان.
 
ئەمە لەکاتێکدایە لە 13ـی ئەیلوولەوە، خوێندنی ساڵی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد؛ لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە قوتابخانەکان نەکراونەتەوە (جگە لە پۆلی 12) و تاوەکو ئەمڕۆش بایکۆتی وانەبێژان و مامۆستایانی دامەزراو بەردەوامە.
 
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە، خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا "هەردوولا جەختیان کردەوە لەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە وادەى خۆیدا بکرێت و ئاستەنگەکانى بەردەمى لاببرێن، بەتایبەت کە هەرێمى کوردستان لەبەردەم بۆشایی هەندێک لە دامەزراوە شەرعییەکانیدایە".
 
بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی لە 25-02-2024 بکرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە؛ 30-05-2023 دادگەی فیدراڵی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی رەتکردەوە، بەمەش دامەزراوەکە پەکخرا.
 
هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانیش لە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان لە کۆبوونەوەکەی یەکێتی و گۆڕان گفتوگۆی لەبارەوە کرا و هەردوولا بەپێی راگەیێندراوە هاوبەشەکەیان "هاوڕابوون لە گرتنەبەرى رێوشوێنى پێویست تاوەکو هانى زیاتری هاووڵاتییانى کورد بدەن بۆ بەشداریکردنى کارا لە پرۆسەکەدا".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە