زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەکێتی بەشداریی کۆنگرەی حیزبەکەیان ناکەن

26-09-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن یەکێتی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە کۆی نۆ ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لانیکەم شەشیان بەشداری لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیدا ناکەن، بەشێکیان بەهۆی هەڵوێستیانە لەبارەی دۆخی نێوخۆی یەکێتی و بەشێکی دیکەشیان بەهۆی نەخۆشییەوەیە.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە کۆی 9 ئەندامی ئەنجوومەنی باڵا، هەریەک لە "مەلا بەختیار، عەدنان موفتی و حاکم قادر حەمەجان" بەشداری لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیدا ناکەن.
 
هەروەها کۆسرەت رەسوول عەلی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و عومەر فەتاح، بەهۆی باری تەندروستییانەوە بەشداری ناکەن.
 
ئەوەی پشتڕاستکراوەتەوە، دلێری سەید مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنەکە بەشداریی لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا دەکات، بەڵام بەپێی کەسە نزیکەکانیان، بەشداریکردنی هەریەک لە ئەرسەلان باییز و جەعفەر شێخ مستەفا، دوو ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی یەکلایی نەبووەتەوە.
 
ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، یەکێک لە نوێترین ئەو ئۆرگانانەی یەکێتییە، کە لە کۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبەدا دامەزرا.
 
رۆژی دووشەممە (25-9-2023) مەلا بەختیار سەبارەت بە چارەنووسی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەی داهاتوودا، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی "بەنیازن 21 کەس بۆ 31 کەس بکەنە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵا و خۆیان کێیان بووێت بیهێننە نێو ئەنجوومەنەکە. من، گوتم پرۆژەکە بۆ ئێمە بنێرن با ئێمەش وەکو ئەنجوومەنی باڵا هەڵیسەنگێنین و ئەوکاتە بڕیارێک بدرێت و لەسەری رێکبکەوین، بەڵام پرۆژەکەیان نەنارد و بڕیاریش بوو ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بێن بۆ لام، ئەوانیشیان نەنارد."
 
بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2023، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە درووشمی "نوێگەری لە کاردا، کۆدەنگی لە بڕیاردا" لە شاری سلێمانی، کۆنگرەی پێنجەمی خۆی بە ئامادەبوونی 600 ئەندام ببەستێت.
 
بەپێی پەیڕەو و پرۆگرامی نێوخۆیی یەکێتی، ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەرۆکی ئەنجوومەن و هەشت ئەندامی مەکتەبی سیاسیی خولی پێشوو و تێکۆشەرێکی قاڵبووی خەباتی سیاسیی و پێشمەرگایەتی یەکێتی پێکدێت و لە کۆنگرە متمانەیان پێدەدرێت.
 
سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنەکە نابێت تەمەنیان لە 50 ساڵ کەمتر بێت.
 
بەپێی پەیڕەو، "بۆچوون و بڕیاری ئەنجوومەنی باڵا لەسەر پرسە سیاسیی و چارەنووسسازەکانی یەکێتی دوای رێککەوتن لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی و پەسندکردنی لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەبێتە بڕیاری یەكێتی."
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، جگە لە لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە دوای رووداوەکانی 8ـی تەممووزی ساڵی 2021 لە یەکێتی دوورخرایەوە، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی یەکێتی بەشداری کۆنگرە ناکەن، لەوانە: مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، لیوا چەتۆ ساڵح، ئاراس شێخ جەنگی، فێنک ئەحمەد، ژینۆ محەممەد، سەردار هەرکی، پەروین کاکەحەمە، شادومان مەلا حەسەن، رێبوار جاف، ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی. هەروەها بەشدارینەکردنی هەریەک لە د.فوئاد مەعسووم، د.بەرهەم ساڵحیش یەکلایی بووەتەوە و هەردووکیان بە گەشت لە دەرەوەی عێراقن.
 
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کە لە ساڵی 1975 دامەزراوە، تاوەکو ئێستا چوار کۆنگرەی بەستووە، لە سێ کۆنگرەدا، جەلال تاڵەبانی، بە سکرتێری ئەو حیزبە هەڵبژێردرا، لە کۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبە لەدوای 44 ساڵ لە دامەزراندنی، بۆ یەکەمجار سیستەمی هاوسەرۆکی پەیڕەو کرد و هەر یەک لە لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بوونە هاوسەرۆک.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئۆتۆمبێلێک کە هێزەکانی هەسەدە  لە منبج تەقاندوویانەتەوە.

هەسەدە لە رۆژهەڵاتی منبج دەستی بە هێرشی پێچەوانە کرد

هێزەکانی سووریا دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، لە دەوروبەری بەنداوی تشرین و رۆژهەڵاتی منبج دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک لە دژی چەکدارانی 'سوپای نیشتمانیی سووریا' کردووە و دەیان چەکداریان کوشتووە و تانکێکیان تێکشاندووە. هەروەها چەند گوندێکیان رزگار کردووە.