چیرۆکی گیانلەدەستدانی 3 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە رۆڤیا؛ تەمەنیان لەنێوان 18-22 ساڵ بوو

24-03-2023
هونەر رەشید
وێنەی ئەو سێ گەنجەی لە رووداوە هاتووچۆکەدا گیانیان لەدەستدا
وێنەی ئەو سێ گەنجەی لە رووداوە هاتووچۆکەدا گیانیان لەدەستدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی بەردەڕەش - رۆڤیا سێ کەس گیانیان لەدەستدا کە تەمەنیان لەنێوان 18-22 ساڵ بوو. بە گوتەی پۆلیسی هاتووچۆی رۆڤیا، رووداوەکە بەهۆی تیژڕۆییەوە بووە. شاهێدحاڵێکی رووداوەکە دەڵێت، سەدان رووداوی هاتووچۆ لەو شوێنە روویداوە کە سێ گەنجەکە تێیدا گیانیان لەدەستدا.
 
رووداوەکە وەکو سەعید عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی هاتووچۆی رۆڤیا بە رووداوی گوت، بەهۆی تیژڕۆییەوە بووە و ئۆتۆمبێلەکە دوای وەرگەڕانی، ئاگری گرتووە و بەهۆیەوە سێ کەس لەو چوار کەسەی کە لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوتەی شاهێدحاڵانی رووداوەکەش، ئۆتۆمبێلەکە لە بەردەڕەشەوە بەرەو رۆڤیا رۆیشتووە و لە نزیک گوندی قەرەناز بە خێراییەکی زۆر خۆی کێشاوە بە کربستۆنی لێواری شەقامەکە و بەهۆیەوە 120 مەتر لە شوێنی رووداوەکە دوورکەوتووەتەوە و وەرگەڕاوە.
 
سەید شیمال یوسف، دانیشتووی گوندی قەرەناز بە رووداوی گوت، "مەفرەق قەرەناز یەک کیلۆمەتر و نیو دوورخراوەتەوە لە گوندەکە، بۆیە خەڵکەکە ناچارە بە سایدی پێچەوانە بڕوات، کە ئەوەش رووداوی لەوجۆرەی لێدەکەوێتەوە. پێش مانگ و نیوێک رووداوێکی دیکە روویدا و مەلا سەڵاح گیانی لەدەستدا. بە سەدان رووداوی هاتووچۆ لێرە روویداوە."
 
عومەر ڤۆلگە، دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکەیە و یەکێکە لە شاهێدحاڵانی رووداوە هاتووچۆکە، باس لەوە دەکات کە "ئامێرەکان لێرەن و هەموو شتێکیان هەیە، با ئەو مەفرەقە چاک بکەن بۆئەوەی ئەو رووداوانە دووبارە نەبنەوە، بەخوا ئەمجارە ئەوە دووبارە ببێتەوە خۆم دەچمە سەر شۆفڵ و رێگەکە تەعدیل دەکەم."
 
هەریەکە لە عەممار مەهدیی تەمەن 22 ساڵ، هۆگر عەونی کە تەمەنی 20 ساڵە لەگەڵ ئەیمەن شێروانی تەمەن 18 ساڵ لە رووداوە هاتووچۆکەدا گیانیان لەدەستدا. هەروەها ئەحمەد سیروان کە تەمەنی 20 ساڵە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە، بریندارە و لەژێر چاودێریی تەندروستیدایە.
 
ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکار و خەڵکی بەردەڕەش لە مزگەوتی گەورەی شارەکە پێشوازییان لە تەرمەکان کرد، دوای نوێژلەسەر کردن، لە گۆڕستانی گەورەی شارەکە بەخاک سپێردران.
 
عەونی محەممەد، باوکی هۆگر، یەکێک لەو گەنجانەی لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستدا باس لەوە دەکات، "سوپاسی ئەو هەموو خەڵکە دەکەم کە لێرەن، ئەوان خەمەکانی منیان کەمکردەوە. سوپاس بۆ خوا ئەو کوڕە گەنجەم تازە پێڕادەگەیشت، بەڵام ئەمە کاری خوایە و سوپاسی خوا دەکەم کە ئەمانەتەکەی لێم وەرگرتەوە و بردییەوە بۆلای خۆی."
 
هەرچەندە رێگەی بەردەڕەش - رۆڤیا دووسایدە، بەڵام لە نزیک گوندی قەرەناز چەندین رووداوی هاتووچۆ روویانداوە کە بەشێکیان بەهۆی قەرەباڵخیی رێگەکە و بەشێکیشی وەکو هاتووچۆی رۆڤیا باسی دەکات، بەهۆی تیژڕۆییەوەیە. رێگەکە دەرەوازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل بە هەولێر دەبەستێتەوە و رۆژانە هەزاران بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی تایبەت هاتووچۆی پێدا دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.