لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە کڕینی بەرهەمە نەوتییەکان دەکرێتە ئەلیکترۆنی

23-11-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن بەنزین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە مامەڵەکردن بە کاش لە سەرجەم بەنزینخانەکانی عێراق رادەگیرێت و تەنیا کار بە سیستمی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی ئامێر و کارتەوە دەبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 23-11-2023، ئەحمەد ریاز، گوتەبێژی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رۆژی یەکی کانووی دووەمی ساڵی 2024 ـەوە، لە سەرجەم بەنزینخانەکان کار بە ئامێری پارەپێدانی ئەلیکترۆنی دەکرێت و کڕینی بەنزین، گاز، گازوایل و نەوت بە رێگەی پارەدانی کاش و بە دەستی رادەگیرێت."
 
روونیشی کردەوە، "ئەو سیستمە نوێیەی پشتی پێدەبەسترێت، یەکێکە لە رێگەکان و هەوڵەکانی وەزارەت بۆ دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و خێراکردنی پڕۆسەی وەرگرتنی بەرهەمە نەوتییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا کارکردن بە سیستمی ئەلیکترۆنیی نوێ."
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کارە هێشتا پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە بەنزینخانەکان لە عێراق سەر بە وەزارەتی نەوتن و لەوێوە سووتەمەنییان پێدەدرێت و دابەشی دەکەن و هەمووی یەک سیستمە، بەڵام هێشتا پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەو سیستمە نەبەستراوەتەوە."
 
رۆژی 17ـی کانوونى دووەمى 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری دا لە یەکى حوزەیرانەوە بە فەرمى سیستمى پارەدانى ئەلیکترۆنى کارا بکرێت، تاوەکو هاووڵاتییان لە رێگەى کارتى بانکییەوە مامەڵە داراییەکانیان لە فەرمانگەى حکومى و کەرتى تایبەت رایی بکەن.
 
ئەو هەنگاوەى حکومەتى عێراق بۆ بەرزکردنەوەى بەهاى دینارە بەرامبەر بە دۆلار و رێگرییە لە سپیکردنەوەى پارە.
 
رۆژی (1ـی حوزەیرانى 2023)، بانکى ناوەندیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستپێکردنى خزمەتگوزاریى پارەدانى ئەليکترۆنى (POS)ـی لە هەردوو کەرتى تایبەت و گشتى راگەیاند و ئاماژەى بەوەدا، ئامانج لەو بڕیارە، بەهێزکردنى متمانەى پارەدانى ئەلیکترۆنی و سنووردارکردنى مامەڵەى نەختینەیە لە مامەڵەکانى پارەدان و بازرگانیدا.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێجیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خێزانی عەمید فەرهاد دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەمید فەرهاد دەکات

نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هاوسۆز و هاوخەمیانم".