رووداو دیجیتاڵ
چاکسازیی گەورانی هەولێر رایگەیاند، بەگوێرەی بەشەکان، ئەمڕۆ و پێنجشەممە دەرگای سەردانیی زیندانیان بۆ کەسوکاریان دەکەنەوە. بەڵام جێگری بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی سلێمانی دەڵێت، ئەوان لە جەژندا سەردانیان نابێت.
دێبەر محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەردانیکردنی زیندانیان بۆ جەژن هەفتەیەک پێشمان خستبوو، بۆیە لەم رۆژانەی جەژندا سەردانیکردن نابێت".
دێبەر محەممەد گوتی: "لە رۆژانی جەژندا رێگە بە سزادراوان دەدەن لەنێوخۆدا سەردانی یەکتر بکەن و جەژنە پیرۆزە لە یەکدی بکەن".
لەبارەی چاکسازییەکانی دیکەوە، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دووەم رۆژی جەژنەوە سەردان بۆ لای زیندانیان بەگوێرەی رێنمایی چاکسازییەکان دەکرێتەوە".
هەروەها لە راگەیێندراویکدا چاکسازی گەورانی هەولێر رایگەیاند، "سەردانیکردنی زیندانیان لەم هەفتەیەدا، دووشەممە بەشی A تایبەت دەبێت بە ئافرەتان و پێنجشەممە 03ـی نیسان، بەشی C+B2 تایبەت دەبێت بە ئافرەتان".
لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازیی هەن؛ دوو لە هەولێر، دوو لە سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە دهۆکن. زیاتر لە پێنج هەزار سزادراو لەنێویاندا سزاکانیان بەسەر دەبەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ