رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە دوو مانگە حکومەتی عێراق بەنزینی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە. گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی و دهۆک، هەروەها بازرگانێکی سووتەمەنیی هەولێر دەڵێن، کاریگەریی لەسەر نرخی بەنزین نەبووە.
رۆژی دووشەممە 12-02-2024 بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نرخی بەنزینی بازرگانیی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکان 850 دینارە، سوپەر 1225 دینار و موحەسەن 1075 دینارە.
دوو جۆر بەنزینی 750 دیناری لە هەرێمی کوردستان دابەش دەکران؛ یەکێکیان لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت کە بەردەوامە و ئەوی دیکە پشکی هەرێمی کوردستانە و حکومەتی عێراق دەینارد.
لە 01-12-2023ـوە حکومەتی عێراق بەنزینی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە. بەهمەن شێخ قادر دەڵێت، "ئەو راگرتنە زۆر کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین نەبووە، چونکە ئێستا بەنزین لە بەنزینخانەکان زۆرە، جگە لەوەش بەنزینی 750 دیناریی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت، ئەوەش وایکردووە نرخی بەنزین بەرز نەبێتەوە."
لەبارەی کواڵێتیی بەنزین، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی دەڵێت، "کواڵێتیی زۆر باشە. ئێستا لە بازاڕدا بەنزینی بازرگانی زۆر زۆرە؛ ئەو نۆرماڵەی بە 850 دینار دەفرۆشرێت لە کواڵێتییەکەیدا وەکو موحەسەنە."
"لە هەولێر خەڵک زیاتر بەنزینی موحەسەن و نۆرماڵ بەکاردەهێنن"
جەنگی مەجید، بازرگانێکی سووتەمەنی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، ئێستا نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکان بە 750 بۆ 790 دینارە؛ سوپەر بە 1200 دینار بۆ 1250 دینارە و موحەسەنیش 1000 دینارە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەنزین گران نەبووە.
بەگوتەی ئەو بازرگانی سووتەمەنییە، ئێستا هاونیشتمانیان زیاتر بەنزینی نۆرماڵ و موحەسەن بەکاردەهێنن؛ دەشڵێت، "پێشتر حکومەتی عێراق رۆژانە نزیکەی هەشت تانکەر بەنزینی دەنارد، بەڵام ئێستا راگیراوە؛ ئەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەیە و رۆژانە 18 تانکەر بەسەر بەنزینخانەکانی هەولێر و دەوروبەری دابەشدەکرێت."
رۆژی 04-02-2024 جەنگی مەجید لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج گوتی "80٪ـی بەنزینی نۆرماڵی هەرێمی کوردستان بە ستانداردی جیهانی بەرهەمدێت" و، داوای لە شۆفێران کرد لەبری بەنزینی سوپەر، بەنزینی نۆرماڵ لە ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن، لەبەرئەوەی "زۆربەی بەنزینی سوپەری کوردستان بە گیراوەی کیمیایی دروست دەکرێت و زیان بە ژینگە و ئۆتۆمبێلەکانیان دەگەیەنێت."
بەگوتەی جەنگی مەجید، پلان هەیە حکومەتی خۆجێیی هەولێر بەنزینی سوپەر بەتەواوی لە هەولێر نەهێڵێت و تەنیا بەنزینی نۆرماڵ و موحەسەن هەبێت، لەبەرئەوەی زۆربەی بەنزینە سوپەرەکان ستاندارد نین.
"مانگێکە لە دهۆک نرخی بەنزین جێگیرە"
ئەحمەد جەلال، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێستا نرخی بەنزینی بازرگانی وەک بەنزینی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێهاتووە؛ بەنزینی نۆرماڵ 750 دینارە؛ موحەسەن 990 دینارە؛ سوپەر 1200 دینارە.
بەگوتەی ئەحمەد جەلال، راگرتنی بەنزینی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراق کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین نەبووە و دەڵێت، "بەنزینی بازرگانی زۆر بووە؛ بۆیە زۆر کاریگەریی نییە. بەنزینی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەیە و رۆژانە بەسەر 11 بەنزینخانە دابەش دەکرێت."
گوتەبێژی بەنزینخانەکانی دهۆک ئاماژەی بەوەکرد، نزیکەی مانگێک دەبێت نرخی بەنزین لە پارێزگەی دهۆک جێگیرە و دەشڵێت، "ئێستا هیچ جیاوازییەک لەنێوان کواڵێتیی بەنزینی بازرگانی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نییە.''
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستی بە 4 بۆ 5 ملیۆن لیتر بەنزینە.
ساڵی 2023 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەنزینی پاڵپشتیکراوی بە نرخی 690 دینار و 800 دینار بە هاونیشتمانییان دەفرۆشت، بەڵام لە 1ـی ئایاری ساڵی رابردووەوە بە بڕیاری وەزارەت نرخی بەنزینی 690 دیناری و 800 دیناری بوون بە 750 دینار بۆ هەموو جۆرەکانی ئۆتۆمبێل بە پاس، تاکسی و تایبەتیشەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ