کوردستان

لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی لەکاتی پشکنینی خۆراکدا، وێنەکان لە پەیجی فەیسبووکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانییەوە بڵاوکراونەتەوە
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، "لەڕووی تەندروستییەوە سلێمانی خاوێنترین شاری عێراقە".
لە راگەیێندراوەکەدا، کە ئەمڕۆ (دووشەممە) بڵاوکراوەتەوە، هاتووە "لە ئەنجامی سەردان و بەدواچوونەکان بۆ چێشتخانە، رێستۆرانت و هەموو ئەو شوێنانەی گەشتیاران رووی تێدەکەن، دەرکەوتووە سلێمانی خاوێنترین شاری عێراقە".
ئازاد نەبی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پۆلێنکردنەکەمان لەسەر بنەمای گەڕانەکانمانە، لە سەرەتای رەمەزانەوە تاوەکو ئەمڕۆ، دووەم رۆژی جەژن، لە تەواوی سەردانەکانماندا یەک پسوولەی سەرپێچیمان تۆمار نەکردووە".
پسوولەی سەرپێچی بۆ ئەو شوێنانە تۆمار دەکرێت، کە خواردنی پیس، خراپبوو یان نەشیاو پێشکێشی میوانەکانیان دەکەن.
ئازاد نەبی گوتی "تەنانەت دەستگێڕەکانی لەفەفرۆشتنیش گەڕاوین، خواردنەکەیان شیاو بووە و پسوولەمان بۆ نەکردوون، ئەمەش شیاوی ئەوەیە بڵێین خاوێنترین شاری عێراقین".
لە راگەیێندراوەکەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتدا هاتووە، "چێشتخانە، رێستۆرانت و هەموو ئەو شوێنانەی گەشتیاران و میوانەکانی شاری سلێمانی روویان تێدەکەن، پابەندی سەرجەم مەرجەکانی کارکردنن".
ئازاد نەبی گوتی، خاوێنیی خواردن و خواردنەوەکانی سلێمانی، تەنیا بەهۆی گەڕانی لیژنەکانی چاودێری نییە، بەڵکو زۆرینەی کاسبکاران خۆیان پاکوخاوێنی شوێن و خواردنەکانیان دەپارێزن.
لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی، زیاتر لە 40 لیژنەی لاوەکی هەن و رۆژانە سەردانی بازاڕەکان دەکەن بۆ چاودێریکردنی کواڵێتیی خواردن و نرخەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ