فیلمی دۆكیومێنتاریی 980 لە سینەمای میترۆپۆل لە ئەڵمانیا پەخش دەكرێت

31-03-2025
فیلمەکە باس لە ئەنفالکردنی کورد دەکات لە لایەن رژێمی بەعسەوە.
فیلمەکە باس لە ئەنفالکردنی کورد دەکات لە لایەن رژێمی بەعسەوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فیلمی دۆکیومێنتاریی "980" کە باس لە چیرۆکی قوربانییەکی ئەنفال و گەڕانەوەی بۆ شوێنی گولـلەبارانکردنی باوکی دەکات، بڕیارە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە دوسڵدۆرف، لە رۆژانی 23 و 24ـی نیسانی 2025 لە سینەمای میترۆپۆلی ئەڵمانیا نمایش بکرێت.
 
فیلمەکە چیرۆکی کارەکتەری "ئارام" دەگێڕێتەوە کە لە کاتی شاڵاوەکانی ئەنفالدا، باوکی لەسەر گوێدرێژەکەیان دایدەبەزێنێت و خۆی رووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە. ئارام دوای 35 ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ بیابانی سەماوە و سەردانی ئەو شوێنە دەکات کە باوکی تێدا گولـلەباران کراوە. فیلمەکە پرسیاری چارەنووسی ئارام و دایکە گەنجەکەی دوای ئەنفالکردنی باوکی دەکات.
 
فیلمی "980" بیرۆکە و دەرهێنانی نەبەرد فوئاد، رۆماننووس و فیلمسازی کوردە. کاری وێنەگرتنی لە ناوچەکانی کەلار، کفری، قۆرەتوو، بەغدا، سەماوە و نوگرەسەلمان ئەنجامدراوە.
 
نەبەرد فوئاد، دەرهێنەری فیلمەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم فیلمە بەشداریی چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە، لەوانە فێستیڤاڵی "ژن، ژیان و ئازادی لە ئوسترالیا". هەروەها گوتیشی کە فیلمەکە "لە ئێستادا بەشدارە لە فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە دوسڵدۆرف و بڕیارە لە 23 و 24ـی نیسانی 2025 لە سینەمای میترۆپۆل نمایش بکرێت".
 
دەرهێنەر ئاماژەی بەوەش کرد، کۆدۆ سۆرانی کاری بەڕێوەبەری وێنەگرتنی فیلمەکەی کردووە، تۆفیق ئەمانی کاری مۆنتاژی بۆ کردووە، هەروەها حوسێن قوڕچیان و فەرهاد سنەیی کاری رەنگیان بۆ فیلمەکە ئەنجامداوە.
 
نەبەرد فوئاد لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: "رەنگە دوای تەواوبوونی فیلمەكە هاووڵاتییەكی ئەڵمانی بە گریانەوە، چەپڵە بۆ ئازارەكانی پارچەیەكی گەلی كورد لێبدات".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە