رووداو دیجیتاڵ
درەنگانێکی شەو قەرەباڵخییەکی زۆری ئۆتۆمبێل لەبەردەم وێستگەکانی دابەشکردنی سووتەمەنی لە شاری بەغدا دروستبوو و تا چاوبڕی کرد ئۆتۆمبێل ریزیان گرت. جارێکی دیکە زەنگی قەیرانی بەنزین بە گوێی شوفێرانی وڵاتی دووەمین بەرهەمهێنەری نەوت لە رێکخراوی ئۆپێک، لێدرایەوە.
شوفێرێک لە نۆرەی وەرگرتنی بەنزینەوە لە بەغدا قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ "سێ کاژێرە لە ریز وەستاوم، هۆکاری قەیرانەکەش حکومەتە و هیچ هۆکارێکی دیکە نییە، ئەگەرنا بەنزین هەیە. بەنزیخانەکان داخراون تاوەکو بە نرخی بازرگانی بفرۆشێت، هەر ئەمەیە و هیچی دیکە."
حوسێن تاڵب، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتی دابەشکردنی بەرهەمە سووتەمەنییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە عێراق رۆژانە نزیکەی 31 ملیۆن لیتر بەنزین بەکاردەهێنرێت.
لە عێراق بەگشتی سێ جۆر بەنزین هەن، بەنزینی نۆرماڵ نرخی لیترێکی 450 دینارە، موحەسەن 650 دینار و سوپەریش نرخەکەی 1250 دینارە.
شۆفێرێکی دیکە لە نۆرەی وەرگرتنی بەنزین لە بەغدا بە رووداوی گوت "بەنزین نییە و زۆر لە وێستگەکان داخراون. ئێستا بەنزینی موحەسەن نییە و سوپەریش نییە، نازانین هۆکارەکەی چییە؟ لە کاتێکدا ئێمە وڵاتێکی نەوتیین. تکایە بەنزین و کوالێتییەکەی چارەسەر بکەن، فویلپەمپ 6 مانگ بڕدەکات، لە وڵاتەکەماندا نرخی بەنزین گرانە و دەبوو هەرزانتر بووایە."
بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی نەوت، قەیرانەکەیان چارەسەرکردووە، دابەشکردنی بەنزین بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت و دڵنیاییش دەدەنە شوفێران.
مەحموود بەدر، یاریدەری بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان دەڵێ "دەمەوێت پەیامێکی دڵنیایی روون و راشکاو و راستگۆیانە بدەینە هاووڵاتیانی هەموو پارێزگاکان، کە هەموو بەرهەمەکان بەردەستن. پێویست بە هیچ دڵەڕاوکێیەک ناکات، هۆکاری ئەمە (قەیرانی بەنزین) بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و زیادبوونی خواست بوو لەسەر سووتەمەنی بە بەنزین و گازەوە. بۆ دڵنیایی زیاتر لەسەر بڕیاری جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، وێستگەکان 24 کاژێر کراوە دەبن."
بەپێی نەخشەیەکی ماڵپەری گڵۆباڵ پترۆڵ پرایس (نرخی جیهانیی سووتەمەنی)، کە مانگی حوزیرانی رابردوو بڵاویکردەوە، لە کۆی 170 وڵاتی جیهان، عێراق لە هەرزانیی نرخی بەنزین لە پلەی چواردەیەمین وڵات دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ