رووداو دیجیتاڵ
لە دوای زیادکردنی نرخی گازوایل، ئەمڕۆ لە تورکیا نرخی بەنزینیش گران کرا، نرخی یەک لیتر بەنزین بۆ 42 لیرە (1.37 دۆلار) زیادکرا.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە 15ـی شوباتی 2024) یەک لیتر بەنزین بە بڕی 1.79 لیرە گران کرا، دوای ئەو زیادکردنەش نرخی یەک لیتری گەیشتە 42 لیرە.
دوای زیادکردنەکە لە ئیستەنبووڵ نرخی لیترێک بەنزین بووە 41.22 لیرە، لە ئەنقەرە بووە 41.92 لیرە و لە ئیزمیریش گەیشتووەتە 42.09 لیرە.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە لە سەرتاسەری تورکیا لیتری گازوایل بە بڕی 2.55 لیرە گران کرا و نرخی یەک لیتر گازوایل لە ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر 45 لیرەی تێپەڕاند، کە بە نرخی ئەمڕۆ دەکاتە یەک دۆلار و 46 سەنت.
لە دوای هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری 2023 ـەوە، هاوتەریب لەگەڵ لاوازبوونی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکان، نرخی سووتەمەنی لەو وڵاتە بەردەوام زیاد دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ