رووداو دیجیتاڵ
لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆسی سویسرا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کۆدەبێتەوە. پشتیوانیکردنی مافەکانی کورد لە سووریا و پرسی هێورکردنەوەی دۆخی سووریا و تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تەوەری گفتوگۆی نێوانیان دەبێت.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رایگەیاند ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025) لە داڤۆسی سویسرا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆدەبێتەوە.
عەزیز ئەحمەد لە پەیامەکەیدا لە ئێکس هەروەها نووسیوویێتی، "ئەو کۆبوونەوەیە لەدوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران دێت لەگەڵ سەرکردایەتیی وڵاتانی ئیمارات، ئوردن، تورکیا و بەحرێن، بەمزووانەش لە قەتەر درێژە بەو گفتوگۆیانە دەدرێت."
سەبارەت بە تەوەری گفتوگۆی نێوان بارزانی و شەیبانی، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "سەرنجی زیاتری ئەو کۆبوونەوانە لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە و کەمکردنەوەی گرژیی و رێگریکردنە لە ناکۆکی زیاتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لەگەڵ ئەوەشدا گەڕان بەدوای ئەو رێگایانەی چۆن هەرێمی کوردستان هاوکار بێت لە دروستکردنی تێگەیشتن و هاوئاهەنگیی زیاتر؛ لەنێویشیان دا مافەکانی گەلی کورد لە سووریا."
کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس ساڵانە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان بەڕێوەدەچێت و بۆ ئەمساڵ هەرێمی کوردستان بە شاندێکی باڵا و بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، بەشداریی لە کۆڕبەندەکەدا کردووە.
لەپەراوێزی کۆڕبەندەکەی ئەم ساڵ دا، مەسرور بارزانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتانی جیهان هەبووە، لەوانە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا و چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی وڵاتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ