ژنە گەنج و هاوژینە بەتەمەنەکەی سۆران دەستگیرکران

21-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
مام عەزیز و نوورا.
مام عەزیز و نوورا.
A+ A-

 

رووداو دیجیتاڵ 

نوورا فوئادی تەمەن 20 ساڵ و عەزیز سلێمانی تەمەن 65 ساڵ، کە هاوسەری یەکدین و هاوسەرگیرییەکەیان بەهۆی جیاوازی تەمەنیانەوە، کاردانەوەی لێکەوتەوە، لەلایەن پۆلیسی قەزای سۆرانەوە دەستگیرکران.
 
رۆژی دووشەممە، 21ـی نیسانی 2025، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی قەزای سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نوورا و عەزیز سلێمان دەرکرا و دوای نیوەڕۆ دەستگیرکران."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو دوو کەسە، کە هاوژینی یەکدین، بەپێی مادەی 376ـی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون.
 
لە مادەی 376ـی یاسای سزادانی عێراقیدا هاتووە، سزادەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک زیاتر نەبێت لە حەوت ساڵ یان بەندکردن، ئەو کەسەی کە هاوسەگیری بۆ خۆی دەکات، هەرچەندە زانیویەتی ئەو گرێبەستە لە رووی شەرعی یان یاسایی پووچەڵە جا بە هەر هۆکارێک بێت.
 
ئەو سەرچاوەیەی پۆلیسی سۆران گوتی: "دوای دەستگیرکردنیان هەردووکیان رادەستی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان کراون."
 
هەفتەی رابردوو هاوسەرگیریی دووەمی نوورا فوئادی تەمەن 20 ساڵ، لەگەڵ پیاوێکی 65 ساڵ بە ناوی عەزیزی سلێمان، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
 
ئەوکات نوورا فوئاد بە رووداوی گوت: "من لە هاوسەرەکەم جیابوومەتەوە و بە رەزامەندیی خۆم شووم بە هاوسەری ئێستام کردووە."
 
هاوژینی یەکەمی نوورا، فاخیر عەبدولڕەزاق هەر لە رێگەی رووداوەوە گوتی: "من لە نوورا جیانەبوومەتەوە و ژنی من بووە و شووی کردووەتەوە."
 
فوئاد حوسێن، باوکی کچەکەش دەڵێت: "چوار مانگ پێش ئێستا کچەکەم تەڵاق دراوە، بەڵام ئێستا هاوسەری یەکەمی داوای پێنج ملیۆن دینارم لێدەکات."
 
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە