رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، "باندێکی حەوت کەسیمان دەستگیر کردووە کە بە جلوبەرگی سەربازی، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا هایلۆکسیان دزیوە."
رۆژی دووشەممە 23-01-2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی باندێکی حەوت کەسیی راگەیاند و دەڵێت، "رۆژی 15ی ئەم مانگە لەنێو شاری سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا هایلۆکس دزراوە و دوای بەدواداچوونەکان 21ی ئەم مانگە لەنێو شاری سلێمانی و قەزای سەیدسادق باندە حەوت کەسییەکەمان دەستگیرکردووە، بە ناوەکانی (ش. م. ح)، (م. ع. م)، (د. ع. م)، (پ. ر. ع)، (ک. ر. ع)، (ك. ئ. م) و (ر. ه. س)."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی، ئەو باندە حەوت کەسییە لە کاتی ئەنجامدانی "دزییەکەدا جلوبەرگی سەربازی و پلەی ئەفسەری و چەکیان بەکارهێناوە."
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، "باندەکە پێشتر چەند تاوانێکی دیکەیان کردووە. جگە لە دزینی ئۆتۆمبێلەکە، هەستاون بە گۆڕینی تابلۆ و شێوەی دەرەوەی ئۆتۆمبێلەکە و شاردنەوەی لە گەراجێکدا."
بە گوتەی ئاسایشی سلێمانی، باندەکە رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە و دوای کۆتاییهاتنی رێکارە یاساییەکان ئۆتۆمبێلەکەش دەگەڕیتەوە بۆ خاوەنەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ