لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە لوڕستان هەشت قوتابی بریندار بوون

18-04-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە کۆیەشتی پارێزگای لوڕستان پاسێکی گواستنەوەی قوتابیان تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو و بەهۆیەوە هەشت قوتابی بریندار بوون.
 
رووداوەکە کاژێر 20:30 خولەکی شەوی پێنجشەممە 17-04-2025 لە دەرەوەی کۆیەشتی سەر بە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان و نزیک گوندی زمزم روویداوە. 
 
بەگوتەی موراد ناسری، قایمقامی کۆیەشت، سێ پاس کە لە شارەکەوە ژمارەیەک قوتابییان بەرەو قەڵای فەلەکولئەفلاکی خوڕەمئاوا بردووە، لە رێگەی گەڕانەوەدا تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوون.
 
وەک قایمقامی کۆیەشت ئاماژەی دا، هەشت قوتابی بەهۆی رووداوەکەوە بریندار بوون، کە سەرجەمیان گەیێندراونەتە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کۆیەشت و ئێستا تەندروستیی قوتابییەکان جێگیرە.
 
تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری رووداوەکە بڵاونەکراوەتەوە. موراد ناسری دەڵێت، دەست بە لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی رووداوەکە کراوە.
 
پرسی خزمەتگوزاریی گەیاندنی قوتابیان یەکێک لە نیگەرانییەکانی هاونیشتمانییانە لە لوڕستان و بەردەوام رەخنەیان لە کوالێتیی پاسەکان هەیە. لە ساڵانی رابردوودا، چەندین رووداوی هاوشێوە لە ناوچە شاخاوی و گوندنشینەکانی ئەم پارێزگایە روویانداوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە