شێرزاد حەسەن: فەشەلی پەروەردە هۆکاری سەرهەڵدانی داعش بوو

18-04-2025
پەیمان محەممەد
 هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ شێرزاد حەسەن، نووسەری نێوداری کورد.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ شێرزاد حەسەن، نووسەری نێوداری کورد.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نووسەرێکی کورد دەڵێت، پێویستە لە باخچەی ساوایانەوە دەست بە بایەخدان بە پەروەردەی منداڵ بکرێت؛ گوتیشی، ''فەشەلی پەروەردە'' لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داعشی دروست کرد.
 
شێرزاد حەسەن، نووسەری ناسراوی کورد، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد عیززەدین، لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر لەگەڵی کردووە، لەبارەی گرنگیی پەروەردەوە رایگەیاند، تاوەکو ئێستاش تووندوتیژی لە قوتابخانە و زانکۆکان ماوە و دەڵێت: ''ئێمە ئاگامان لێی نییە ئێستا لە شوێنێک، لە قوتابخانەیەک، لە زانکۆش، ستەمێک لە کچێک دەکرێت یان لە کوڕێک."
 
شێرزاد حەسەن پێیوایە، تاوەکو ئێستاش تووندوتیژیی "رەمزی، هزری و ھەراسانکردن'' لە قوتابخانە و زانکۆکان دەبینرێت، ''من لە سەرەتاییەوە تاوەکو زانکۆ کەسم نەبینی خەمگین نەبێت، ھیچ نەوەیەکم نەبینی تووڕە نەبێت، واتا ئەوە راستییەکە من بەریکەوتووم.''
 
بەگوتەی ئەو نووسەرە کوردە، پێویستە لە باخچەی ساوایانەوە گرنگی بە پەروەردەی منداڵ بدرێت، ''ئەگەر بتەوێت کەسێکی تازە دروست بکەیت بۆ 100 ساڵی دیکە، بۆ 50 ساڵی دیکە، دەبێت ئێمە کارمان ئەوە بێت کە لە باخچەوە دەستپێبکەین،  لە ھەموو جیهانیش بایەخێکی زۆر بە باخچەی ساوایان دەدرێت.''
 
شێرزاد حەسەن باسی هۆکاری سەرهەڵدانی داعش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات و دەڵێت، ''ئەوەی کە داعشی دروست کرد، فەشەلی پەروەردەیە لە رۆژھەڵاتی نێوەڕاست، فەشەلێکی شەرمنانە کە هیچ کەس نایەوێت قسەی لەسەر بکات.''
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ  شێرزاد حەسەن:
 
رووداو: مامۆستا زۆر خۆشحاڵ بووم کە لەم پێشانگەیە دەتبینمەوە، با لەوە دەستپێبکەم، چەند ساڵێکە بەم جلوبەرگە جوانانەوە دێیتە پێشانگە، کتێبەکانت لێرەن، بایەخ و گرنگی کتێب لە پێناسەی شێرزاد حەسەندا چییە؟
 
شێرزاد حەسەن: بڕوا دەکەم زۆر ئاسانە بۆ من، با وا بڵێم کە ئێمە لە ھیچ شتێکمان نەدەزانی لە جیهان. ئینسان بە دیدگەی من کێوی بووە بۆ ھەزاران ساڵ، وەکو یوڤاڵ نوح ھەڕاری دەڵێت، 750 ھەزار ساڵ لەمەوپێش مرۆڤ زمانی دەبووژێ، واتا ئەوە ئەفسانەیە بڵێین مرۆڤ لە کۆنەوە بە زمانێک دابەزیوەتە سەر زەوی، راست نییە و 100٪ ھاوسۆزی ھەڕاریم، لەبەر ئەوەی دەکرێت لەگەڵ تۆمار دەستپێبکەین، ئینسان دەگاتە قۆناخێک لە قۆناخی کێویەتیی سرووشتی، وەکو کەسێک ھێدی ھێدی گەشە دەکات، واتا ئەوە راست نییە بڵێین ئێمە لە مەیموونەوە ھاتین، ئەمانە روانینێکی سەقەتن.
 
بەڵکو ئێمە رەنگە ئامۆزا بین، یان رەگێکمان لە رەگەکان، یا چەند رەگێکمان لەگەڵ شەمپانزیا بۆ نموونە یان گورێلا ھەیە، واتا نزیکییەک ھەبووە، بەڵام دیسان ئەوەی ئینسان جیا دەبێتەوە، بەڕای من لە مێژووی مرۆڤایەتی شارستانییەتەوە کە دەستپێدەکات کە ئینسان دەگاتە سەر ئەوەی پیت بنووسێت.
 
ئەگەر سەیری ئەشکەوتەکان بکەین، یان بە سەما بووە یان بە وێنە، واتا زمانی سەما و سەماکردن و وێنە، سەرەتای قسەکردنی مرۆڤەکان بووە لەگەڵ یەکدی.
 
ئەوەی زۆر بۆ من مایەی سەرسامییە لەناکاو ئینسان بە پیت دێت کار دەکات و ئەو پیتانە ئێستاش ماون، بۆیە بە دیدگای من ئەگەر ئەوە بڵێم پیت بووە مایەی ئەوەی مرۆڤ بگاتە ئەوەی ئەم شارستانییەتە دروست بکات. واتا کتێبیش ئەمڕۆ بە ھەر زمانێک بێت پیتە، لەگەڵ پێچکە، واتا ئەم دووانە لە سەردەمی سۆمەرییەکان باسی دەکەن. پێچکەش وای کرد ئینسان بتوانێت وێستگەکان بگۆڕێت.
 
رووداو: مەبەستت گالیسکەیە؟
 
شێرزاد حەسەن: بەڵێ. ئەوەی کە ئێستا پێی دەڵێن تایە، بەڵام پێچکە جوانترە. بۆیە پێچکە و پیت سەرەتای سەرهەڵدانی مێژووی مرۆڤایەتین. دیسان دەیڵێمەوە مرۆڤ بۆ ھەزاران ساڵ ئاژەڵێکی کێوی بووە، کەسێکی دیکە دیدگایەکی دیکەی ھەیە ئەوە مافی خۆیەتی، من بە خوێندنەوەی خۆم قەناعەتم بەوە ھەیە. 
 
رووداو: مامۆستا باسی پیتت کرد، دەزانین بە شێوەیەکی گشتیی منداڵ ئەو پیتانەی کە سەرەتا فێری دەبێت لە قۆناخی یەکەمی خوێندنە کە دێتە ناو سیستمی پەروەردە، ئێوە بۆچوونتان لەسەر دۆخی سیستەمی پەروەردەیی ئێستامان چۆنە؟ 
 
شێرزاد حەسەن: ئەگەر راستگۆ بم لەگەڵت، ئێمە بۆ ھەزاران ساڵ لە فتوحاتی ئیسلامی یان بڵاوکردنەوەی دینی ئیسلام بە کوردستانیشدا تێدەپەڕێت، دەتوانین بڵێین ھەزار و چوار سەد ساڵ یان زووتریش یان کەمتر تۆزێک، ئێمە لە حوجرە زیاترمان نەبووە، واتا مەزھەب زاڵ بووە، ئایین زاڵ بووە و قوتابخانەی مۆدێرن نەوەک لای ئێمە، بەڵکو لە ھەموو رۆژئاواش نەبووە، واتا ئەوانیش ھەر وەکو ئێمە لە شوێنێکەوە دەستیان پێکردووە کە رێک وەکو ئەوەی ئێستا باسمان کرد، پیتێکە یان نووسینێکە، وشەیێکە، ئەوانیش بەو قۆناخەدا تێپەڕیون، بەڵام رۆژئاوا لە پێش ئێمەوەیە، ئەگەر من باسی ئەوە بکەم لە یۆنانەوە ئەورووپاش قەرزداری یۆنانە. یۆنان باوک و دایکی فیکر و فەلسەفە و ھەموو ئەو ئەندێشەیە تەنانەت ئەدەبیاتە، ئێمە ھەموومان قەرزداری ئەوین، تەنانەت رێنیسانس (نوێبوونەوە)، ئەوەی پێی دەڵێن رابوون، خوێندنەوەی یۆنان بوو بە عەقڵێکی تازە. بۆیە بۆ من ئەوەیە؛ ئینگلیز دێتە ئێرە لە سەدەکانی سەرەتای 20 لە پاڵ حوجرە قوتابخانەیەکی مۆدێرن دروست دەبێت، بەڵام بە دیدگای من، ئێمە هێشتا لە قۆناخی شوانکارەیین، ئەمە قسەی من نییە قسەی ئیسماعیل بێشکچییە، واتا ئێمەی کورد لەبەر ئەوەی داگیرکراوی چوار وڵاتی زێدە، زێدە شۆڤێنی فاشیستین، ھەر چواریشیان یان ھەر پێنجیان بڕوایان بەوەیە کە ئیسلامی عەیار 24ـن، لە کاتێکدا دەبینیت ئێمە بە تەنیا مستەعمەرە یان کۆلۆنیاڵی نێودەوڵەتی نین، بەڵکو چوار ھەرێمین، پێنج ھەرێمین دەتوانم وا بڵێم، بۆیە من ویستم ئەوە بڵێم کە ناتوانین بە ھیچ شێوەیەک لەوە دەرچین کە ئینگلیزی میلیتارییە عەقڵ و رۆحی میلیتاری دەهێنێت و بۆ ئێمە شوانکارەیی و دەرەبەگی تاوەکو ئێستاش ماوە.
 
رووداو: دەبێت ستراتیژیی پەروەردەمان چۆن بێت؟
 
شێرزاد حەسەن:  من باسی کۆن ناکەم، بەڵام لەدوای راپەڕینەوە ستراتیژێک و ماستەرێک نەبووە یان نەخشەی ماستەر کە دەگوترێت کۆی ئەو شتانەی کە ئێمە وەکو تۆ دەڵێیت ستراتیژ، بەڕاستی بە دیدگای من وەکو پەروەردەکارێک، وەکو مامۆستایەک، وەکو ئەوەی بە قۆناخی جیاوازدا تێپەڕیوم، من یەکەم جار لە رواندز دەبمە قوتابی سەرەتایی، لە سەردەمی ئینگلیز تۆکمە و دامەزراو بوو، بەڵام ئێمە ھیچمان نەخستە سەر ئەوە، نەوەک ئێمە، بەڵکو هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڕای من ئەو ماستەرپلانەی من خەونی پێوە دەبینم، ئەو ستراتیژەی تۆ خەونی پێوە دەبینیت، لە ھەموو رۆژھەڵاتی نێوەڕاست بوونێکی راستەقینەی نییە. ئەگەر بەوشێوەیە نەبێت، ئەو ھەموو قەسابخانەیە چییە لە رۆژھەڵاتی نێوەڕاست، ئەگەر بەڕاست عەقڵێک ھەیە فکرێک ھەیە، ئەندێشەیەک ھەیە، شیعە و سوننە بۆ ئەو ھەزار و 400 ساڵە دوژمنی یەکدین، لە شەڕی جەمەلەوە ئەوە 100 جار بیڵێمەوە.
 
رووداو: باسی قەسابخانەت کرد، پێتوایە تاوەکو ئێستا تووندوتیژی لەناو سیستمی پەروەردە ماوە؟
 
شێرزاد حەسەن: بڕوا دەکەم تاوەکو ئەم کاژێرە ماوە. ئێمە ئاگامان لێ نییە ئێستا لە شوێنێک لە قوتابخانەیەک، لە سەرەتاییەک لە شوێنێک لە زانکۆش، ستەمێک لە کچێک دەکرێت یان لە کوڕێک. بەڕای من تاوەکو ئێستاش تووندوتیژیی رەمزی ماوە، هزری ماوە، ھەراسانکردن ماوە. لە سەرەتاییەوە تاوەکو زانکۆکان کەسم نەبینی خەمگین نەبێت، ھیچ نەوەیەکم نەبینی تووڕە نەبێت، واتا ئەوە راستییەکە من بەریکەوتووم، من تێکەڵم لەگەڵ خەڵک.
 
رووداو: هۆکارەکەی  چییە؟
 
شێرزاد حەسەن: لەبەر ئەوەی ئەو رۆحی زەبر و زەنگە، ئەو رۆحی تووندوتیژییە، ئەو رۆحەی کە من لە منداڵی لێم دراوە زۆر لەلایەن باوک یان مامۆستا، ھەمان شت کۆپی دەکەمەوە و شتێکی مۆدێرن نەھاتووە باسی لێبووردەیی بکات، خۆت دەزانیت پەروەردە دەبێت یەک کارەکەکانی ئەوە بێت کە ئاشتیخواز بێت.
 
پەروەردە کاری ئەوەیە خەریکی ئاشتیخوازی بێت لە منداڵییەوە فێری بکات تاوەکو دەگاتە قۆناخی دوای دکتۆراش، لەبەر ئەوەی ئێمە کارمان لەسەر ئینسان نەکردووە لەو ناوچەیە، ئایا رۆژئاوا کردوویەتی، نەخێر رۆژئاوا لە ئێمە تۆزێک زیندووترە، ئەگەرنا من هۆگری رۆژئاوا نیم، کەچی خەڵک وا تێدەگات، من ئەوەندەی رەخنەم لە پەروەردەی رۆژئاوا ھەیە، پێت سەیرە.
 
رووداو: لەسەر ئاستی جیھان پەروەردەی چی وڵاتێکت پێ باشە؟
 
شێرزاد حەسەن: فینلاند. من ساڵێک تێیدا ژیام،. فینلاند یەک دروشمی هەیە، لە باخچەی ساوایانەوە دەستپێدەکات، دەڵێت، ئەگەر کچ و کوڕەکان شاد بوون، نەترسن، شەرم نەکەن و عەقڵیان ھەبێت نەوەک نەقڵ، ئێستا ئەوە لە پێشی پێشەوەیە، ئەڵمانیا 13ـیەمین ژمارەیە. دەزانیت ئەمریکا لە پەروەردە لە دۆخێکی خراپدایە، زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوایی، من راپۆرتی سەدەی 21ـی دەستپێکی یەکێتیی ئەورووپام خوێندەوە، ھەموو ئەو کارەساتانەی لەو راپۆرتەدا بوو ئێستا قەوما، واتا دوای 25 ساڵ، ئێستا ئێمە پێنج ساڵمان تێپەڕاند، لە سەدەی 20، لە ژینگە دەڵێیت، لە تووندوتیژی دەڵێیت، لە نەبوونی ستراتیژ، دروستکردنی ئینسانێک کە ئینسانە دەبێت بە رۆبۆت، چونکە کاپیتالیزم ئەخلاقێکی گەورەی نییە.
 
رووداو: بێینەوە سەر پەروەردە لە ھەرێمی کوردستان، وەکو جەنابت ئاگاداری قوتابخانە تایبەتەکان بەردەوام ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەیان رووی لە زیادبوونە، بەشێکی زۆر لە دایک و باوکان لەبری قوتابخانە حکومییەکان منداڵەکانیان دەنێرنە قوتابخانە تایبەتەکان، ئیتر وای لێھاتووە هێدی ھێدی ئەو منداڵانە بەشێکی زۆریان کوردی باش نادوێن، ناتوانن باش بنووسن، لەسەر قوتابخانەی تایبەت و حکومی چیت ھەیە؟
 
شێرزاد حەسەن: ئێستا من ئەگەر سادەی بکەمەوە خوداپێیداوەکان، دەسەڵاتداران، ئەوانەی پێگەدارن، منداڵەکانیان ھەمووی لە تایبەت دەخوێنن بە زمانی جیاواز؛ ئەو قوتابخانە حکومییانە کە میراتی سەردەمی سەرەتای یەکەمی کە دەڵێم ئینگلیز ھاتووەتە ئێرە، بە دیدگای من ئەو نایەکسانییە، ئێستا بۆ نموونە سوێد وا بوو، سوێد یەک لە نموونەکانە، بەڵام حکومەت ئەوەندە کاری لەسەر قوتابخانە کرد کە خەڵک لەبری ئەوەی بینێرێت بۆ قوتابخانەی تایبەت، لە سوید دەینارد بۆ حکومی، واتا زۆر وڵاتی ئەورووپی ھەوڵیان دا، ھەندێک کەس دەوڵەمەندە، ملیۆنێرە، خوداپێداوە، بەڵام زیاتر دەبێت دەوڵەتداری ئەو کارە بکات، ئێمە ئێستا مەزھەبیشمان ھەیە لێرە لە کوردستان، واتا قوتابخانەی ئایینی ھەیە، کە ئەوقاف لێی بەرپرسە، بەڵام چی پێ دەڵێت ئەوە بۆ من گرنگە.
 
رووداو: لە پرسی پەروەردە ئێوە کێ بە نموونە و سەرچاوەی خۆتان دەزانن؟
 
شێرزاد حەسەن: یەکێک لەوانەی کە ناسیومە بۆ یەکەم جار سیستمی میلیتاری و تووندوتیژی لە بەریتانیا باس کرد، بێرنێڕواسێ بوو، ھەروەھا لە ھەمانکاتدا، ماریا مۆنتیسۆری کە ژنێک بوو پزیشکی خوێندبوو، دواتر بووە مامۆستا، گوتی لەبەر ئەوەی مامۆستا دۆخێکی خراپی ھەیە، قوتابی دۆخێکی خراپی هەیە. ئیتاڵی بوو، تاکە کچێک بوو لە نێو ھەموو قوتابییان، ئەمە شوورەیی نییە خەڵک لە زانکۆ بخوێنێت لە کوردستان یان لە ھەر رۆژھەڵاتی نێوەڕاست، جیاوازییەک بکەن لە نێوان نێر و مێ؟
 
من جارێک کۆڕێکم کرد لە کۆلێژێک کە ناوەکەی ناهێنم، کچەکان یەک ریز بە تەنیا دانیشتبوون، کوڕەکانیش بە تەنیا، ئەوە باسی 10 ساڵ لەمەوپێشە، گوتم خوشک و برا دوژمنکاریتان ھەیە ئێوە؟ مامۆستایەک، عەمیدێک ھاوڕێم بوو کە کەسێکی ئەدیب بوو، گوتم من ناتوانم یەک رستە بڵێم لێرە، ئەم کچ و کوڕانە لە یەکدی دەترسن و ریزێک کچە و ریزێک کوڕ دانیشتووە، کەواتە ئەمە قوتابخانە نییە، ئەمە حوجرەش نییە، ھیچ شتێک نییە. بەڕاستی ھیچ ئەندێشەیەکمان نییە بۆ بەیانی، ھیچ ئەندێشەیەکمان نییە، بەڵام پاولۆ فرێری دەڵێت، ھەر کەسێک، ھەر میللەتێک ئەو رۆحی داگیرکاری، مێژووی داگیرکاریی خۆی وەکو ئینسان، وەکو نەتەوە نەخوێنێتەوە، ناتوانێت ببێتە ئینسان، ناتوانێت خەونی ئازادی هەبێت. پاولۆ فرێری بۆ من نموونەی باڵای ئەوەیە، دەڵێت دەبێ ئێمە یەکەم وانەمان ئەوە بێت، کێ داگیری کردین، بە درێژایی مێژوو گریمان فتوحاتی ئیسلامی ھاتووەتە ئێرە، ھەزار و 400 ساڵ لەمەوپێش، بەڵام دەبێ بە عەقڵێکی تازە بیخوێنیتەوە، چیمان قازانجە لەو فتوحاتە و چیمان زیان بوو؟
 
رووداو: گەنجێک دەیەوێت بێتە نێو جیهانی کتێب، ھەرزەکارێکە، شێرزاد حەسەن پێشنیازی چ سەرچاوەیەکی بۆ دەکات؟
 
شێرزاد حەسەن: من نابمە سەرچاوە، تۆش نابیتە سەرچاوە، ھیچ مامۆستایەک و فەیلەسووفێکیش نابێتە سەرچاوە، دەبێت ئێمە شتێکمان ھەبێت کە کۆی سەرچاوەکان بێت، لە فکر، لە فەلسەفە، لە ئایین، لە سیاسەت، دەبێت ئەوە لە باخچەوە دەستپێبکات، ئەگەر بتەوێت کەسێکی تازە دروست بکەیت بۆ 100 ساڵی دیکە، بۆ 50 ساڵی دیکە، دەبێت ئێمە کارمان ئەوە بێت کە لە باخچەوە دەستپێبکەین. لە ھەموو جیهان باخچەی ساوایان بایەخێکی یەکجار گەورەی ھەیە. [قۆناخی] سەرەتایی دیسان درێژکراوەی ئەوەیە، کاتێک دەگاتە ناوەندی، دەبێت تۆ بە عەقڵ باسی زانستی لەگەڵ بکەیت، لە ھەموو رۆژھەڵاتی نێوەڕاست شتێک نییە ناوی زانست بێت، کارمان بە زانست نەبووە. زانست نەگەیشتووەتە ئێمە. ئەو شتانەی کە دروست کران بۆ ئێمە، لە دەرزییەوە بگرە تاوەکو ئۆتۆمبیلێک، هی رۆژئاوایە. واتا داعش ھەموو شتێکی بەدڵ بوو، جگە لە ھەموو شتێکی بەدڵ بوو تەقەمەنی، بەڵام فکر و فەلسەفە و روانینێکی جەھەنەمی ھەبوو بۆ عەقڵی زانستی. ئەمە بۆ من مایەی سەرسوڕمانە، بۆیە داعش دروست دەبێت. بەڕای من ئەوەی کە داعشی دروست کرد، فەشەلی پەروەردەیە لە رۆژھەڵاتی نێوەڕاست، فەشەلێکی شەرمنانە کە کەس نایەوێت قسەی لەسەر بکات.
 
رووداو: زۆر سوپاست دەکەم کە ئەمڕۆ لەسەر پەروەردە قسەمان کرد و کاتت دانا.
 
شێرزاد حەسەن: زۆر سوپاس.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێک لە دەڤەری بەرواری باڵا، یەکێک لە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای دهۆک

گەشتوگوزاری دهۆک: بە کشانەوەی پەکەکە کەرتی گەشتیاری زیاتر دەبووژێتەوە

ساڵانە بە نزیکەی 2.5 ملیۆن گەشتیار لە نێوخۆی عێراق و دەرەوە سەردانی سنووری پارێزگای دهۆک دەکەن. بە گوتەی شەماڵ هرووی، "ئارامی سنوور و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە چۆڵکراوەکان، دەبێتە هۆی پەلکێشکردنی گەشتیاری زیاتر."