رووداو دیجیتاڵ
جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی حەمید حوسێن نەژاد، بەندکراوی سیاسیی کورد، لە گرتووخانەی ورمێ دواخرا.
لقی 9ی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگەی ورمێ رایگەیاندبوو، ئەمڕۆ هەینی سزای لەسێدارەدانی حەمید حوسێن نەژاد جێبەجێ دەکرێت، بەڵام لە دوێنێ پێنجشەممەوە کەسوکاری ئەو بەندکراوە لە بەردەم گرتووخانەی ورمێ مانیان گرت و داوایان کرد، سزاکە جێبەجێ نەکرێت.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بە کەسوکاری راگەیێندرا، جێبەجێکردنی سزاکە دواخراوە.
عوسمان موزەیەن، پارێزەری ئەو بەندکراوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حەمید حوسێن نەژاد لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ کەسوکاری کردووە و دڵنیا بوونەتەوە کە سزاکە جێبەجێ نەکراوە.
عوسمان موزەیەن گوتی، لە دادگەی ورمێ داوای لێخۆشبوون و لە دیوانی باڵای دادوەریی ئێران داوای پێداچوونەوە بە دۆسیەکەیان کردووە و چاوەڕێی وەڵامی دادگە دەکەن.
حەمید حوسێن نەژاد، خەڵکی گوندی سێگرکی چاڵدران لە مانگی 4ی 2023 دەستبەسەرکرا و بە تۆمەتی هاوکاریکردنی گەریلاکانی پەکەکە لە هێرشکردنەسەر هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران لە ساڵی 2017 بە لەسێدارەدان سزا درا.
پارێزەر و کەسوکاری ئەو بەندکراوە رایانگەیاندووە، بەڵگەی پێویست هەیە بۆ سەلماندنی بێ تاوانبوونی حەمید حوسێن نەژاد و دەڵێن، ئەو کاتەی هێرشەکە روویداوە، حەمید لە تورکیا بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ