رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یەکێک لەو سێ گەنجەیان گەڕاندووەتەوە کە فێڵیان لێکرابوو لە مالیزیا گیرانخواردبوو. یەکێک لەوانەشی لە مالیزیایە دەڵێت: داوای پارەمان لێدەکرێت و کەسیش ناتوانێت حەواڵەمان بۆ بکات.
یەکشەممە 13ـی ئەم مانگە، سێ هاونیشتمانیی لە مالیزیاوە بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت، قاچاخچی فێڵی لێکردوون و لەو وڵاتە لە دۆخێکی سەختدا راگیراون و داوای هاوکارییان کرد.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لە رووداو، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە رایگەیاند: "بەخێرایی بەدواداچوونمان بۆ کێشەی ئەم سێ هاووڵاتییە کرد و لە رێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە مالیزیا، توانرا سۆراخیان بکرێت و پاسپۆرتی گەڕانەوەیان بۆ دەستەبەر بکرێت".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، یەکێک لەو سێ هاونیشتمانییە گەیشتووەتەوە هەرێمی کوردستان؛ هەروەها "دوو هاووڵاتییەکەی دیکەش کارەکانیان تەواو بووە، لە دەرفەتێکی نزیکدا دێنەوە هەرێمی کوردستان".
گەنجەکان: دۆخمان زۆر خراپە و کارەکانی گەڕانەوەمان خاو بەڕێوەدەچێت
بافڵ عومەر عەلی، لەدایکبووی ساڵی 2006 و شکار ئەحمەد عەلی، لەدایکبووی ساڵی 2005، ئەو دوو گەنجەن کە تاوەکو ئەمڕۆ نەگەڕێندراونەتەوە.
ئەو دوو گەنجە ئەمڕۆ هەینی لەلایەن باڵیۆزخانەی عێراقەوە لە مالیزیا، براونەتە بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی ئەو وڵاتە، بەڵام وەکو بافڵ عومەر دەڵێت: "هیچیان بۆ نەکردین، گوتیان دەبێت سەرەتا بە ئیمەیڵ ئاگادار بکرێنەوە".
بافڵ عومەر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە پارکەکان دەماینەوە، بەڵام کەسێک تازە هۆتێلێکی وەکو هاوکاری بۆ گرتووین بۆ چەند رۆژێک".
بافل عومەر دەڵێت: "هاوڕێیەکمان کە لە فڕۆکەخانە راگیرابوو نێردراوەتەوە، بەڵام ئێمە ماوین کارەکانمان بە خاوی بەڕێوەدەچێت".
ئەو گەنجە کە ئێستا مالیزیایە گوتی: "هێشتا کارەکانمان جێبەجێ نەکراون، داوای 700 دۆلار سزامان لێدەکەن بۆ مالیزیا، دەڵێن دەبێ خۆتان تیکت بکڕن، کەسیش ناتوانێ پارەمان بۆ حەواڵە بکات".
بافڵ عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە هاوڕێکانی پاسپۆرتی عێراقی پێیە و ئەویش گوتراوە بۆی دروستکراوە، بەڵام چونکە مۆری چوونە ناوەوەی مالیزیایان نییە و بە پاسپۆرتی ساختە چوونەتە ژوورەوە، گەڕانەوەیان رێکاری کارگێڕی و یاسایی دەوێت.
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "ئەمڕۆ دەڵێن رەنگە دوو هەفتەی دیکە بمێننەوە، ئەوە بۆ ئێمە زۆر قورس دەبێت لەم بێ پارەییەدا. داواکارین بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەرچییان پێ دەکرێت بۆ رزگاربوونمان لەم دۆخە بیکەن".
هۆکاری مانەوەی ئەو سێ گەنجە لە مالیزیا
سێ هاونیشتمانەکە دانیشتووی پارێزگای سلێمانین، لەلایەن قاچاخچییەوە هەڵخەڵتێندراون و پاسپۆرتی ساختەی ئیتاڵییان بۆ دروستکراوە، بەڵام لە فڕۆکەخانەی کوالا لامپوور لە مالیزیا ئاشکرا بوون و راگیران.
هەر سێ گەنجەکە دووی نیسان لە هەرێمی کوردستانەوە گەشتەکەیان دەستپێکردبوو.
بافڵ عومەر، 13ـی نیسان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چوار رۆژە من و هاوڕێیەکم لە شەقامەکان دەمێنینەوە، دۆخمان زۆر زۆر خراپە، چونکە قاچاخچی گوتی پاسپۆرتە عێراقییەکانتان فڕێ بدەن. ئێمە فڕێمان دا، لە فڕۆکەخانەش دەریانکردین و گوتیان بڕۆن پاسپۆرتی عێراقییەکانتان بێننەوە".
ئەو گەنجانە، تاوەکو مالیزیا بە فەرمی و بە پاسپۆرتی عێراقی چوون، لەوێ پاسپۆرتی ساختەی ئیتاڵییان بە ناوی پاسپۆرتی ئۆرجیناڵەوە پێ درابوو.
ئەکات بافڵ عومەر لە رێگەی رووداوەوە داوای لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق کردبوو، هاوکارییان بکەن بۆ گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەو گەنجە گوتی: "بۆ هەریەکەمان بۆ پاسپۆرتی ئیتاڵیا 14 هەزار دۆلارمان لە نووسینگەیەک داناوە لە سلێمانی، جگە لەوە هەر یەکێکمان دوو هەزار و 500 دۆلارمان خەرجکردووە. هەرچەند پەیوەندیشمان کردووە کە پاسپۆرتەکە ساختەیە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ پارەیەکمان وەرنەگرتووەتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ