رووداو دیجیتاڵ
لاس ئەحمەد، رووبەری 100 دۆنم زەوی لە دەشتی شەمامک بە گەنم چاندووە، سیستمی ئاودێری لە تەواوی زەوییەکە داناوە و لە رێگەی کارەبای نشتمانی و موەلیدە کار دەکات. ئەو و جووتیارەکانی دیکەش نیگەرانن لە تێچووی کارەبا.
کەمبارانی وایکردووە هەفتانە سێ بۆ چوار رۆژ دەخڵ و دانەکەی پێویستی بە ئاودێری هەبێت.
کاکە لاس ئەحمەد باس لەوە دەکات، "من لەو 100 دۆنمە بڕی 7 بۆ 8 ملیۆن دینار تەنیا خەرجی کارەبام بووە، گەلێک زۆرە و بەهەموو خەرجییەکانی دیکە دەستکەوتمان هەر ئەوەندە دەبێت. زۆرجاریش داوامانکردووە ئەگەر بۆمان کەم نەکەنەوە ئەو کار و کاسبییە دەوەستێت."
لەو دەشتە بە پیت و بەرەکەتە، ئاوی ژێر زەوی نەبووایە دەبووە بەیار و ئێستا وشک هەڵگەڕابوو، بەڵام سیستمی ئاودێری درێخی نەکردووە لە بەرهەمهێنانی گوڵی گەورە و پڕدان.
خەمی ئەم جووتیارانە پارەی کەڵەکەبووی سەرشانیانە بەهۆی زۆری بەکارهێنان.
سەعدون سیاو، جووتیارێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "پارەی زۆرمان بۆ هاتووەتەوە بە کارەبا و خەرجییەکانی دیکە بەرهەمەکەشم هەر بایی ئەو بڕە پارەیە دەبێت و هەقە حکومەت دەستگیرۆیمان بکات و دەبینی کە ئەم ساڵ بە چی رەزاڵەتێک بەرهەممان هەیە."
سەباح سیاوی، جووتیارێکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەدات، "نازانین بۆ دوو جۆر نرخی کارەبا هەیە، ئێمە پێمان گرانە و بەشی ئەوەش نیە کە بەردەوام لە رێگەی کارەبای نشتمانییەوە ئاودێری بکەین، دەبێت موەلیدەشمان هەبێت و بەرمیلی گازوایلیش 130 هەزار دینارە."
یەک کیلۆوات کارەبا بۆ جووتیاران نرخەکەکەی 36 دینارە، بەڵام بەشێک لە جووتیاران سوود لە ئاوی بیرە بازرگانییەکان وەردەگرن و بێ ئاگان لەوەی نرخی تەنیا یەک کیلۆواتی 156 دینارە."
دەریا محەمەد، بەرێوەبەری کارەبای شەمامک لەوبارەیەوە باس لەوە دەکات، "نرخی کارەبا بۆ جووتیاران و سوودە کشتوکاڵییەکان بە باشترین ئاست دانراوە، بەڵام ژمارەیەک لە جووتیار سوود لە بیرە بازرگانییەکان وەردەگرن کە بڕە پارەیێکی زۆریان دەکەوێتە سەر، دیسان هەوڵیش دراوە لەبەر وشکەساڵی نزیکەی 20 کاژێر کارەبا بدرێتە جووتیاران و بتوانن ئاودێری خۆیان بکەن."
پێنج ملیۆن دۆنم زەوی دێمی لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەم ساڵ زیاتر لەسێ ملیۆن دۆنمی چێندراوە و لە دەشتەکانی قەراج، شەمامک، کەندێناوە، بەرانەتی هەریر و پشدەر سیستمی ئاودێری بۆ نەکرابێت دروێنەی تێدا ناکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ