رووداو دیجیتاڵ
پاشنیوهڕۆی ئهمڕۆ ههینی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە نووح یڵماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد. نێچیرڤان بارزانی پشتیوانیی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دووپات کردەوە.
رۆژی هەینی، 18ـی نیسانی 2025، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە کۆبوونهوهیهکدا، برهودان به پەیوەندییەکانی تورکیا لهگهڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پرۆژهی رێگهی گهشهپێدان تاوتوێ کران، ههروهها لەبارەی هاوکاریی نێوانیان لە بوارە جیاکاندا، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندن لە ناوچەکە، بیروڕایان گۆڕییهوه."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پرۆسهی ئاشتی له تورکیا تهوهرێکی دیکهی کۆبوونهوهکه بوو، تێیدا "سهرۆک نێچیرڤان بارزانی پشتیوانیی ههرێمی کوردستانی بۆ سهرخستنی پرۆسهکه دووپات کردهوه. ههر لهمبارهیهوه ههردوولا هاوڕا بوون که ئاشتی کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت و ئاسۆی بەرفراوانتر بۆ گەشەپێدان و هاوکاریی هاوبەش دەکاتەوە."
هەروەها له کۆبوونەوەکەدا دۆخی سووریا، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و چهندین پرسی دیکەی جێی بایهخی هاوبهش، خرانه بهر باس.
دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی 1-10-2024 لە پەرلەمانی تورکیادا چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵدا کردن، پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی دەستیپێکرا.
دواتر باخچەلی بانگەوازی کرد ئۆجەلان لە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتیدا گوتارێک پێشکێش بکات و داوا لە پەکەکە بکات، چەک دابنێن.
دەم پارتی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەت شاندێکی پێکهێنا کە تاوەکو ئێستا سێ جار سەردانی ئیمراڵییان کردووە و لەگەڵ زۆربەی پارتەکانی نێو پەرلەمانی تورکیادا کۆبوونەتەوە. ئەمە جگە لەوەی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبوونەوە.
رۆژی 27-2-2025 شاندەکەی دەم پارتی کە بە شاندی ئیمراڵیش دەناسرێن، بانگەوازی ئۆجەلانیان خوێندەوە. ئۆجەلان لە بانگەوازەکەدا داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە بەو کۆنگرەیە رازییە بە مەرجێک ئۆجەلان خۆی سەرۆکایەتیی بکات.
دوایین جار، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکهاتبوون، رۆژی پێنجشەممە، 10ی نیسانی 2025 لە کۆشکی کۆماریی تورکیا، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە. شاندی ئیمراڵی دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەردۆغان "بە شێوەیەکی ئەرێنی و بنیاتنەرانە بەڕێوەچوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ