لە گەرمیان هاونیشتمانییەکی تەمەن 111 ساڵ بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا

19-05-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری کەلار ئۆتۆمبێل لە هاونیشتمانییەکی تەمەن 111 ساڵی دا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.

رووداوەکە ئەمڕۆ هەینی کاژێر 04:00ـی ئێوارە لە نزیک قوتابخانەی لەیلا قاسم لە کەلار روویداوە؛ موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئۆتۆمبێلێکی مینی پاس لە هاونیشتمانییەکی داوە و بە سەختی برینداری کردووە، دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی لە نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار رەوانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە پێش ئەوەی بگاتە سلێمانی گیانی لەدەستداوە.
 
هاونیشتمانییەکە ناوی عەلی سابیر ئیربارە؛ موقەدەم سامان گوتی، هاونیشتمانییەکە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لەدایکبووی ساڵی 1912یە، بەڵام لە گەڕەکی فەرمانبەرانی کەلار نیشتەجێ بووە.
 
شۆفێری مینی پاسەکە خۆی قوربانییەکەی گەیاندووەتەوە نەخۆشخانەی فریاکەوتن؛ گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان گوتی، شۆفێرەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و پەڕاوی یاسایی بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.
 
ساڵی رابردوو لەکۆی سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان، 438 رووداوی شێلان هەبووە، لە ئەنجامی کۆی رووداوەکاندا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار و 250 کەسیش برینداربوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە