داوا لە خەڵکی ناوچە دابڕاوەکان دەکرێت بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی خۆراک بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان

18-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە، لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت هەموو خێزانێک ئەپڵیکەیشنێک دابەزێنێت و خۆی تۆمار بکات. هۆشداری دەدرێتە ئەوانەی فۆڕمی خۆراکیان کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی دیکەیە، کە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بچنەوە سنووری خۆیان.
 
بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک لە هەرێمی کوردستان بڕیارە سەرەتا لە پارێزگای هەڵەبجەوە دەستپێبکات. مەریوان هادی، بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامادەکاریمان تەواو کردووە و داواکارییەکانی بەغدامان جێبەجێ کردوون".
 
چالاکڤانانی کەرکووک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێن: "هاونیشتمانیانی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی دیکە دەبێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان بۆ چالاککردنی ئەپڵیکەیشنی فۆڕمەکە، چونکە ئەگەر لە شارەکانی دیکەوە فۆڕمەکە پڕبکەنەوە، نێونیشانی نیشتەجێبوونیان دەچێتە بەغدا و بۆ داهاتوو و کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە خراپە".
 
هەر ئەمڕۆ هەینی سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێشتا بڕیاری کاراکردنی فۆڕمەکە لە هەولێر نەدراوە. لەگەڵ گەیشتنی بە هەولێر زانیاری ورد لەسەر چۆنێتی پڕکردنەوەی رادەگەیێنین".
 
لەکاتی چالاککردنی فۆرمی خۆراک لە ئەپڵیکەیشنەکە، ئەو کەسەی پڕی دەکاتەوە ناچار دەکرێت سیتمی جی پی ئێسی مۆبایلەکەی کارابکات و نێونیشانەکەی (لۆکەیشن) دیاری بکات، ئەگەر ئەو رێکارە جێبەجێ نەکات فۆڕمەکە پڕناکرێتەوە.
 
نانەکەلی گوتی: "ئەوەی هەیە هەر پارێزگایەک لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان ئەپڵیکەیشنی تایبەت بە خۆی هەیە. بۆ نموونە؛ کەسێک دانیشتووی هەولێر بێت تەنیا دەتوانێت لە هەولێر بچێتە نێو بەرنامەکەوە بە کۆدی فۆرمەکەی، ئەگەر لە دهۆک بێت ناتوانێت بە فۆرمی خۆراکی هەولێر بچێتە نێو بەرنامەکەوە و پسوولەکەی کارا بکات".
 
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە ئەوان دراوە، "کەسێک خەڵکی کەرکووک بێت و دانیشتووی هەولێر بێت دەبێت بگەڕێتەوە سنووری خۆی بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە".
 
ئامانجی حکومەتی عێراق لە پرۆسەکە ئەوەیە، بزانێت ئەو خۆراکەی دابەش دەکرێت بە راستی دەگاتە دەستی هاونیشتمانیان، یان کەسانی دیکە و لە رێگەی جیاوازەوە گەندەڵی لە دابەشکردنەکەدا دەکەن.
 
لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە یەک ملیۆن و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە یەک ملیۆن و 320 هەزار کەس.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە