هەسەدە: داعش لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور هێرشی کردە سەر خاڵێکی سەربازیمان

18-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، داعش لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور بە ئار پی جی هێرشی کردووەتە سەر خاڵێکی سەربازییان کە "تەنیا زیانی مادی" هەبووە. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی هەسەدە کە لە تەلەگرام بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکە دوێنی پێنجشەممە روویداوە. 
 
هەسەدە دەڵێت، دوای ئەوەی یەکێک لە زرێپۆشەکانیان بە هانای خاڵە سەربازییەکەوە چووە، چەکدارانی داعش بە ئار پی جییەکی دیکە، هێرشیان کردووەتە سەری، "بەڵام هیچ زیانی نەبوو."
 
هێزە زۆرینە کوردییەکە کە سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە دەڵێت: "شانەکانی رێکخراوی داعشی تیرۆریست سەرسەختانە هەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەدەن، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ قۆستنەوەی ئەو پشێویەی لە سووریا هەیە."
 
بە گوێرەی گفتوگۆی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی پارەوە، داعش لە رێگەی شانە نووستووەکانی، جموجووڵی نهێنی زیادکردووە، بە دیاریکراوی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر. 
 
دوایین خەمڵاندنی فەرمیی ئەمریکا پێشانیدەدات، گرووپە پەڕگیرەکە نزیکەی دوو هەزار و 500 چەکداری چالاکی لە سووریا و عێراق هەیە. 
 
هەسەدە دەڵێت: "شانەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکە هەوڵدەدەن گورز لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بوەشێنن. رێکخراوە تیرۆریستییەکە هەوڵ دەدات خۆی زیندوو بکاتەوە تاوەکو لە رێگەی بەئامانجکردنی هێزەکانمان، خەڵک و دامەزراوە سڤیلەکان، هێرشی تیرۆریستی بکات. بەڵام هێزەکانمان دووپاتی دەکەنەوە کە لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوەکە لە هەموو دۆخێکدا بەردەوام دەبن و تا ریشەکێشی نەکەن، دەستبەرداری ئۆپەراسیۆنەکانمان نابین."
 
هەسەدە بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەجەنگێت. 
 
هەسەدە هەروەها سەرپەرشتیی ژمارەیەک کەمپ و زیندان دەکات کە هەزاران چەکداری پێشووی داعش و کەسوکاریان تێدایە. 
 
هەسەدە بەردەوام هۆشداری داوە لەوەی داعش دەیەوێت بە شکاندنی ئەو زیندان و کەمپانە، ریزەکانی خۆی پڕبکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە