وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق بۆ رووداو: چی دیکە کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست نابێت

18-04-2025
مالیک محەممەد
بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق
بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەڵێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان "لەمەودوا هیچ کێشەیەکی نابێت و مانگانە لە کاتی خۆیدا دەنێردرێت"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، گفتوگۆکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن.
 
بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بە هونەر رەشید، پەیامنێری رووداوی لە دهۆک راگەیاند: "چی دیکە هیچ کێشەیەک لەسەر مووچە دروست نابێت، هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا دێت. زۆر کێشە هەبوون و وردەکاری بچووک هەبوون، ئەمە یەکەمجارە هەردوو حکومەت لەسەر یەک ئاست کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان؛ پەیوەندی هەردوو حکومەت باشە و پێم وایە چیدیکە کێشە دروست نابێت."
 
لەبارەی گفتوگۆکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەنگین رێکانی گوتی: "کێشەکە تەنیا لەگەڵ کۆمپانیاکانە. هەردوو حکومەت هیچ کێشەیان نییە و رێککەوتوون. حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت هەیە. کۆمپانیاکان هەندێ مەرجیان هەیە کە تاوەکو ئێستا لەسەر ئەو مەرجانە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی رێککنەکەوتوون."
 
سەبارەت بە مەرجەکان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق باس لەوە دەکات، کێشەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتە، "پێشتر لە بەرامبەر خەرجی، نەوتیان دەبرد، بەڵام ئێستا نیاز وایە پارەیان لە بەرامبەردا پێبدرێت."
 
وەزیرەکەی حکومەتی فیدراڵی ئێوارەی رۆژی هەینی لە دهۆک لە کاتی میوانداریکردنی تیمی تۆپی پێی شارەکە قسەی بۆ رووداو کرد. 
 
دوای ئەوەی یانەی دهۆک لە یاریی کۆتایی جامی کەنداودا کە لە دهۆک بەڕێوەچوو، بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی قادسیەی کوێتی بەدەستهێنا و وەک یەکەم یانە لە مێژووی تۆپی پێی کوردستان و عێراقدا نازناوەکەی بردەوە، بەنگین رێکانی دڵخۆشی خۆی لەبارەی ئەو بردنەوەیە دەربڕی و گوتی: "من خۆم دهۆکیم، زۆر دڵخۆشبووین بە سەرکەوتنی دهۆک و بەدەستهێنانی ئەو جامە، هەموو کوردستان و عێراق بەوە دڵخۆشبوو."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە