چاوەڕوان دەکرێت ئەم ساڵ بەشە ناوخۆییەکەی زانکۆی سەلاحەدین بکرێتەوە

18-04-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای 12 ساڵ لە دانانی بەردی بناخەی بەشەناوخۆیی زانکۆی سەلاحەدین، بڕیارە ئەم ساڵ بکرێتەوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆکە دەڵێت، تەنیا دابینکردنی کەلوپەلی ژوورەکان و ئامێری کارەبایی ماوە.
 
ئەمڕۆ هەینی، 18ـی نیسان، سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەشی هەرەزۆری کارەکانی دروستکردنی بەشەناوخۆیی زانکۆی سەلاحەدین تەواوبوون. پێشتر بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی گوژمەی پێویستەوە کارەکان بۆ چەند ساڵێک راگیران. ئێستا تەنیا کڕینی کەلوپەلی نێو ژوورەکان و هەندێک ئامێری کارەبایی و کەرەستەی چێشتخانە ماون". 
 
بە گوتەی سامان عەبدوڵڵا، "بەشە ناوخۆییەکە تایبەتە بە کوڕان. چێشتخانەیەکی گشتی و ناوەندێکی تەندروستی تێدایە و دیزاینی بیناسازییەکەی بە شێوازێکی پێشکەوتوو و مۆدێرن کراوە."
 
بەشەناوخۆییەکە تایبەتە بە خوێندکارانی زانکۆی سەلاحەدین. وەک بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین ئاماژەی پێدەکات، "سەرۆکایەتی زانکۆ هەوڵی تەواو دەدات بۆئەوەی بۆ ساڵی نوێی خوێندن، بەشە ناوخۆییەکە بە رووی خوێندکاران بکرێتەوە و مانگی 9ـی ئەم ساڵ لە رێگەی فۆرمێکی ئۆنلاینەوە خوێندکاران دەتوانن خۆیان تۆماربکەن بۆ سوودمەندبوون لێی."
 
هاوکات ئەندازیار هۆشەنگ مستەفا، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە رووداوی گوت: "نزیکەی 97٪ـی کارەکانی بەشەناوخۆییەکە تەواوبوون، لە 420 ژوور پێکدێت، هەر ژوورێک 4 خوێندکاری تێدا دەبێت و توانای لەخۆگرتنی 1680 خوێندکاری دەبێت."
 
بەشەناوخۆییەکەی زانکۆی سەلاحەدین لە ساڵی 2013 بەردی بناخەی دانرا و دەکەوێتە پشت بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەت، لەسەر رێگەی هەولێر – کەرکووک.
 
زانکۆی سەلاحەدین لە 16 کۆلێژ پێکدێت. بە گوێرەی ئاماری زانکۆکە، ساڵانە نزیکەی 27 هەزار خوێندکار لەو زانکۆیەدا دەخوێنن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە