بازرگانێکی مادەی هۆشبەر رووبەڕووی ئاسایش دەبێتەوە و دەکوژرێت

18-04-2025
ئاسایش دەستی بەسەر 6 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرتووە.
ئاسایش دەستی بەسەر 6 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرتووە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، لە رووبەروبونەوەیەکدا دەستیانگرت بەسەر  شەش کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا. لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا، دوو بازرگان رووبەڕووی ئاسایش بوونەتەوە. یەکێکیان بریندار بووە و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. ئەوی دیکەش کە مادەکەی گواستووەتەوە، دەستگیر کراوە. 
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، شەوی 17-4-2025 "لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناوچەی (پشدەر/کورتەک) دوای ئەوەی هێزەکانمان لە هەوڵی دەستگیرکردنی دوو بازرگانی مادەی هۆشبەردا بوون کە دانیشتووی قەزای کەڵەک-بەردەڕەشن، بەڵام تۆمەتباران ئامادەنەبوون خۆیان بەدەستەوە بدەن، سەرئەنجام تۆمەتبارێکیان بە چەک رووبەروی هێزەکانی ئاسایش دەبێتەوە دواتر بە ئۆتۆمبێل هەوڵی هەڵهاتن دەدات."
 
ئاسایش دەڵێت، لە ئەنجامی رووبەروبونەوەکە دا "یەکێک لە بازرگانان بریندار دەبێت و بە زووترین کات دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە. پاش پشکنینە تەندروستییەکان و دەستگرتن بەسەر ئامرازێکی کێشانی مادەی هۆشبەر لە ئۆتۆمبێلەکەیدا، دەرکەوت ئەم بازرگانە لەژێر کاریگەری بەکارهێنانی مادەی هۆشبەردابووە، لەپاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری، گیان لەدەستدەدات." 
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم باس لەوە دەکات، لە ماوەی رابردوودا "هەردوو بازرگان و گوازەرەوەی مادەی هۆشبەر بەناوەکانی(ق. ع. ع) تەمەن(40) ساڵ و (ئـ. ح. ع) تەمەن(34) ساڵ، لە نێوان تۆڕەکانی بازرگانی مادەی هۆشبەر و شارەکانی دهۆک، هەولێر، سۆران، زاخۆ کاری گواستنەوە و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەریان کردووە چەند جارێکیش ترانزێتی مادەی هۆشبەریان بۆ وڵاتی تورکیا کردووە."
 
دەزگای ئاسایش دەڵێت، ئێستادا یەکێک لە تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر بە مادەی (25) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادەهۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە