رووداو- هەولێر
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند، تەرمی گەنجێکیان لە نێو ئاودا لە نزیک پردی دەلال دەرهێناوە و بەهۆی ئەوەی ناسنامەی پێنەبووە، هێشتا نازانرێت ئەو گەنجە تەمەن 16 ساڵییە کێیە و دانیشتووی چی ناوچەیەکە؛ داواش دەکات هەر خێزانێک گومان دەکەن تەرمەکە هی کەسێکی ئەوانە پەیوەندییان پێوەبکەن.
رۆژی پێنجشەممە 18ـی ئابی 2022، رائید نەهشەت سەلمان، گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە رووداوی گوت: "کاژێر 2ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، تەرمی گەنجێکمان لە رووبار لە نزیک پردی دەلال لە زاخۆ دۆزیەوە؛ هێزەکانمان تەرمەکەیان دەرهێنا و بەهۆی ئەوەی هیچ ناسنامەیەکی پێ نییە، نازانرێت ئەو گەنجە تەمەن 16 ساڵییە ناوی چییە و دانیشتووی کام ناوچەیەی هەرێمی کوردستانە."
رائید نەهشەت سەلمان گوتیشی: "تەرمی گەنجە خنکاوەکە لە دادپزیشکیی زاخۆیە و چاوەڕوانی ئەوەین کەسوکاری پەیوەندییمان پێوەبکەن، چونکە هیچ زانیارییەکی لەبارەوە نازانرێت."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زاخۆ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی بەشێک لە گەنجەکان مەلەوانی نازانن، لەنێو رووباردا و لەکاتی مەلەکردن دەخنکێن؛ بۆیە باشترە ئەوانەی مەلەوانی دەکەن نەچنە شوێنی قووڵ و ئەو شوێنانەی شارەزاییان لەبارەیانەوە نییە.
لە وەرزی گەرمای ئەمساڵدا بەپێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 25 کەس لە رووبار و زێ و دەریاچەکانی هەرێمی کوردستاندا خنکاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ