هاوسەرگیریی کچێکی 20 ساڵ لەگەڵ پیاوێکی 65 ساڵ، دەنگدانەوەی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت

17-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
ژنەکە لەگەڵ هاوژینی نوێی (لای راست) و هاوژینی پێشووی (لای چەپ).
ژنەکە لەگەڵ هاوژینی نوێی (لای راست) و هاوژینی پێشووی (لای چەپ).
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

چەند رۆژێکە هاوسەرگیریی ژن و پیاوێک دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە جیاوازیی تەمەنیان 45 ساڵە. ئەو ژنە دەڵێت، "تەمەن گرنگ نییە، من لای پیاوەکەم دڵخۆشم و تاوەکو مردن لەگەڵی دەژیم." 
 
رۆژی پێنجشەممە، 17ـی نیسانی 2025، نوورا فوئاد، ئەو ژنەی هاوسەرگیری لەگەڵ مام عەزیزی 65 ساڵان کردووە، لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "من پێشتر هاوسەرگیریم کردبوو، ماوەی هەشت مانگ بوو لەگەڵ هاوژینی یەکەمم دەژیام، بەڵام کێشەمان زۆربوو و هیچ نەدەگونجاین، تەنانەت گرێبەستی هاوسەرگیریمان نەبوو، تەنیا لە مەلا مارەکرابوو، سێ مانگ داوام لێکرد کە گرێبەستی هاوسەرگیری بکەین، بەڵام ئەو ئامادە نەبوو."
 
نوورا فوئاد گوتی: "بەهۆی نەگونجانمان داوام لێکرد بمگەڕێنێتەوە ماڵی دایک و باوکم، ئەویش رازی بوو، سێیەم رۆژی جەژن منی گەڕاندەوە بۆ لای ئەوان، دواتر بە شایەتی دایک، باوک و براکەم لێی جیابوومەوە، ئەوکات پێی گوتم، 'تۆ ئێستا وەکو دایک و خوشکم وایت'."
 
بە گوتەی نوورا، دوای 10 رۆژ لە جیابوونەوەی، هاوسەرگیری لەگەڵ مام عەزیز کردووە، چەند رۆژێکە ئاهەنگیان کردووە و لەگەڵ ئەو دەژی، بەهۆی ئەوەی هاوژینی یەکەمی کێشەیان بۆ دروست نەکات، زوو هاوسەرگیرییان کردووە. "من لەگەڵ هاوژینەکەم زۆر دڵخۆشم، هیچ کێشەم نییە و بە رەزامەندیی خۆم شووم کردووە، تاوەکو مردنیش لەگەڵ پیاوەکەم دەژیم."
 
دوای هاوسەرگیریی نوورا و عەزیز کە ناسراوە بە مام عەزیز، منداڵەکانی مام عەزیز وێنەی باوکیان و نوورایان بڵاوکردەوە. دوای ئەوە مێردە کۆنەکەی نوورا دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆی و نوورا، دەڵێت، "نوورا هاوژینی منە و بردوویانە، سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەم."
 
لەوبارەیەوە نوورا گوتی، "من جیابوومەتەوە، هیچ پەیوەندییەکم بەو پیاوە نەماوە، ئەگەر زیاتر کێشەم بۆ دروست بکات، سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەم."
 
نوورا فوئاد، تەمەنی 20 ساڵە و دانیشتووی زاخۆیە، ئێستا شووی بە مام عەزیز کردووە کە تەمەنی 65 ساڵە و دانیشتووی قەزای سیدەکانە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
 
هاوکات غەفار، کە کوڕی مام عەزیزە کە تەمەنی 26 ساڵە بە رووداوی گوت، "ئەو قسانەی خەڵک دەیکەن هەمووی درۆیە، نوورا خان بە رەزامەندیی خۆی شووی بە باوکم کردووە، بەیەکەوە زۆر دڵخۆشن و هیچ کێشەیەکیان نییە، بۆ ئێمەش گرنگ نییە خەڵک چی دەڵێن و چ بوختانێک دەکەن."
 
وەکو غەفار عەزیز باسی دەکات، ماوەی هەشت مانگە دایکیان مردووە، دوای ئەوە چوونە داوای نوورا و شووی بە باوکی کرد. هەروەها گوتیشی،"دوای ئەوەی ئێمە وێنەمان بڵاوکردەوە ئەوکات هاوژینی پێشووی نوورا هاتە سەر خەت و ئاگاداربوو، ئەگەر نا نوورا ماوەیەکە لە ماڵی باوکیەتی، بەڵام ئێستا کێشەکە چارەسەر کراوە، ئێمە هەموو خوشک و براکان لەگەڵ نوورا کێشەمان نییە و وەکو دایکی خۆمان سەیری دەکەین، هیچ خراپەی بۆمان نییە و ژنێکی باش و زیرەکە."

 

 
فاخیر عەبدولڕەزاق، هاوژینی پێشووی نوورا بە رووداوی گوت، "هیچ کێشەیەکمان نەبوو، من ژنی خۆم زۆر خۆشدەویست، بە سەردان بۆ جەژن بردمەوە ماڵی باوکی، تاوەکو هەشت رۆژیش پەیوەندیم لەگەڵیان هەبوو، دوایین جار گوتی دەچمە ماڵی خاڵم لە شنگال، گوتم باشە بڕۆ، دواتر رۆژی هەینی پەیوەندیم بە باوکی نوورا کرد و گوتم دەمەوێت نوورا ببەمەوە، شەممە دەوامم هەیە، گوتی یەکشەممە وەرە لێرە نییە چووەتە ماڵی خاڵی لە شنگال."
 
لەبارەی جیابوونەوەیان فاخیر عەبدولڕەزاق دەڵێت، "هیچ کێشەیەک لە نێوانمان نەبووە، تەڵاقیشم نەداوە، شاهێد و بەڵگەم هەیە، رۆژی هەینی ئەم گرتە ڤیدیۆییانەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینی، رۆیشتم بۆ زاخۆ، ماڵی باوکی لەوێ نەمابوون چووبوون بۆ شنگال، لەکاتی هاوسەرگیریدا وەکو مارەیی 12 مسقاڵ زێڕم بۆ برای نوورا کردبوو، چواریش بۆ خۆی، دواتر لەگەڵ باوکی قسەم کرد، گوتی 'من لە ماڵەوە نەبووم نوورا شووی کردووە، وەرە مارییەکەت ببەوە و بڵێ کە نوورات تەڵاقداوە تاوەکو بابەتەکە دابخرێت.'"
 
مێردی پێشووی نوورا گوتی، "قسەم لەگەڵ زاوا و کوڕی مام عەزیز کردووە پێم گوتن کە من تەڵاقم نەداوە، بەڵام گوتیان ئێمە کڕیومانە و پێیان گوتووین کە جیابووەتەوە."
 
فاخیر عەبدولڕەزاق داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، چارەسەری کێشەکەی بکەن و ژنەکەی بۆ بگێڕنەوە، ئەو هەر بڕیارێک قەبووڵ دەکات کە دادگە بیدات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە