رووداو دیجیتاڵ
درێژیی رێگەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی 32 کیلۆمەترە. گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، ''چینی یەکەمی 22 کیلۆمەتری رێگەکە قیرتاوکراوە و نزیکەی 65%ـی کارەکانی تەواو بووە.''
رۆژی پێنجشەممە، 17ـی نیسانی 2025، زەردەشت رەفیق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''کارکردن لە پڕۆژەکەدا بەردەوامە و زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن، بەهۆی وەرزی باران و دابەزینی پلەی گەرما قیڕتاوکردن وەستابوو، بەڵام ئێستا کاری تێدا دەکرێت.''
وەکو گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، ئێستا نزیکەی 65%ـی کارەکانی شەقامی 100 مەتری تەواوکراون، درێژیی رێگەکە 32 کیلۆمەترە، چینی یەکەمی 22 کیلۆمەتر قیرتاوکراوە، بڕین و تێکەڵەڕێژیش 95% تەواو بووە.
بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە حەوت یەکتربڕ، پێنج ئەندەرپاس، چوار پرد و فلای ئۆڤەرێک دروست دەکرێن. بە گوتەی زەردەشت رەفیق، ''دواین وادە بۆ تەواوکردنی شەقامەکە مانگی ئەیلوولی 2026ـە.''
شەقامی 100 مەتریی سلێمانی کە بە ''ئۆتۆبانی بابان''یش ناسراوە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان. لە 11-7-2020 بەردی بناخەی دانرا، بە چەند قۆناخێك جێبەجێ دەكرێت، گوژمەی پڕۆژەکە 400 ملیار دینارە و بڕیار بوو لە ماوەی 1100 رۆژ واتە تاوەکو 30-8-2023 تەواو بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ