یەکێتیی زانایان: ئەگەر گەڕان بێ ئەنجام بوو، دەتوانن نوێژی غائیب بۆ ئاڤێستا بکەن

17-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، چاوەڕێی ئەنجامی گەڕانی تیمەکانی بەرگریی شارستانی سۆرانن، دوای ئەوە دەتوانن نوێژی غائیب بۆ ئاڤێستا بکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 17ی نیسانی 2025، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران راپۆرتی خۆیان بە فەرمی بڵاوکردەوە، کە گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا بێ ئەنجام بووە و بێ ئومێد بوون، ئەوکات دەتوانن نوێژی مردوو بە غائیب بۆ ئاڤێستا بکەن، تاوەکو کەسوکارەکەی بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان.
 
هاوکات، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە رووداوی گوت: "گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا بەردەوامە، ئەمڕۆ زیاتر لە 220 کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان، هەولێر و ئاکرێ، شەش بەلەم و شەش غەواس لە گەڕان بەردەوام بوون." 
 
بە گوتەی کاروان میراودەلی، "من تاوەکو مانگێک بە چڕی بەردەوام دەبم لە گەڕان، دوای ئەوەش هەفتەی دوو رۆژ دەگەڕێین، بەڵام ئەم سێ رۆژە تاوەکو هەفتەی داهاتوو، ئەنجامێکمان دەبێت، چونکە دەبێتە سێیەم هەفتە."
 
ئاڤێستا یوسفی تەمەن 27 ساڵ رۆژی 5ـی نیسانی 2025 کەوتە نێو رووباری تەنگاتوور لە سنووری قەزای مێرگەسۆر لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە