رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی ژووری پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕان دوا پەیامی بزووتنەوەی گۆڕانی لە هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن کە گۆڕانکاری روودەدات، ئەو گۆڕانکارییە بە هەموو هێزێک ناکرێت، چونکە بەشێک لەو هێزانە خۆیان هۆکاری دروستکەری قەیرانن."
ئەمڕۆ 15ی ئۆکتۆبەر کاردۆ محەممەد، بەرپرسی ژووری پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی، "هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن کە گۆڕانکاری روودەدات، بێگومان ئەو هێزانەی سەرچاوەی کێشەکان بوون لە کوردستان، ئەوانەی کە ئەم دۆخەیان دروستکردووە، ناتوانن گۆڕانکاری دروست بکەن، چونکە خەڵک لە سایەی ئەوانەوە لە قەیران و کێشەدایە."
هەر لەبارەی ئەو هێزانە کاردۆ محەممەد ئاماژەی بەوەدا، ناتوانن حکومەتێکی یەکگرتووی هاووڵاتی، دادگەیی سەربەخۆ و پەرلەمانێکی کارا دروست بکەن، بەڵام ئێمە خاوەن پڕۆژەیەکی گۆڕانکاریین.
لەبارەی گۆڕانکارییەوە کاردۆ محەممەد گوتی، "گۆڕانکاریی گەورە پەیوەندیی بە خواستی خەڵکەوە هەیە، ئێمە سەرەڕای دواکەوتنمان لە بانگەشە، بەڵام بڕیارێكی راست و دروستمان دا و دەتوانین بە دەنگی هاووڵاتی گۆڕانکاری بکەین و گۆڕانیش دەتوانێت ببێتە سەرقافڵەی گۆڕانکاری، هەروەها بەبێ بوونی هێزێكی گەورەی ئۆپۆزیسیۆن زەحمەتە بتوانین گۆڕانکاری بکەین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کاردۆ محەممەد دەڵێت، "گۆڕانکاری خواستی جەماوەر و میلـلەتی ئێمەیە، خەڵکی کوردستان و ناڕازییەکان داوا لە ئێمە دەکەن ئەو گۆڕانکارییانە بکەین."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "جیهان رێگەنادات هەرێمی کوردستان لەم چەقبەستووییە بمێنێتەوە، چونکە پێویستە هاووڵاتییان ژیانێکی شایستەیان هەبێت، نەک بە زەبری هێز خەڵک ملکەچ بکرێن. ئێمە وەکو گۆڕان سێ شتمان نییە درۆ، دراو و چەک، بەڵام ئومێدمان بەوە هەیە خەڵک متمانەمان پێ بداتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ