پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت کەسێک بە وەکالەت لە شوێنەکەی دادەنێت

15-06-2024
ساڵح قادر @salihqadr
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، گەشتی تورکیا دەکات و تاوەکو کاتی گەڕانەوەی، یاریدەدەرێکی خۆی بە وەکالەت لە شوێنەکەی خۆی دادەنێت بۆ ئەوەی کاروبارەکانی پارێزگا بکات.
 
بەگوێرەی نووسراوێکی راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، کە بە ژمارە 15774 لە رۆژی 12-06-2024 دەرچووە، راکان جبووری بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر گەشتی تورکیا دەکات.
 
هەر بەگوێرەی نووسراوەکە، تاوەکو کاتی گەڕانەوەی پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، عەلی حەمادی عەبد، کە یاریدەدەری پارێزگارە بۆ کاروباری هونەری، بە وەکالەت لە شوێنی راکان جبووری کاروبارە کارگێڕی و هونەرییەکانی پارێزگا بەڕێوەدەبات.
 
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بە رووداوی گوت "پێموانییە ئەو نووسراوەی راکان جبووری لە رووی یاساییەوە گونجاو بێت، چونکە خۆی حکومەتەکەی کاربەڕێکەرە."
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گومانی هەیە راکان جبووری بەمەبەستی چارەسەر گەشتی تورکیا بکات، گوتی "راکان جبووری کۆمەڵێک دۆسیەی گەندەڵی لەسەرە، دوای پشووی جەژن، ئەنجوومەنی پارێزگا کۆدەبێتەوە و یەکەم کاری ئەنجوومەن هەڵدانەوەی ئەو دۆسیانەیە، بۆیە پێدەچێت گەشتەکەی بۆ کاروباری نیشتەجێبوونی بێت لە تورکیا."
 
راکان جبووری، پێشتر جێگری پارێزگاری کەرکووک بوو، لە دوای هێرشەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکووک لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 بە وەکالەت، کرایە پارێزگاری کەرکووک.
 
نوێترین دۆسیە کە دراوەتە پاڵ راکان جبووری، بەخشینی 13 ئۆتۆمبێلە بە دەستەی دەستپاکیی کەرکووک. دیلان غەفوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری کەرکووک لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بۆ پەردەپۆشکردنی دۆسیەی پێدانی ئۆتۆمبێل لەلایەن راکان جبووری بە دەستەی دەستپاکیی کەرکووک، ئێوارەی دوێنێ بەیەک کاژێر دوای بڵاوکردنەوەی نووسراوێکمان لەسەر ئەو دۆسییەیە و جوڵاندنی بۆ رای گشتی، بەپەلە هەشت ئۆتۆمبێل لە گەراجی دەستەی دەستپاکییەوە گوازرانەوە شوێنێکی نادیار."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.