بڕیارە سبەی پارتی دیموکراتی کوردستان بارەگای خۆی لە کەرکووک بکاتەوە

04-04-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سبەی شەممە، بارەگای مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەڕەکی عەرەفەی شاری کەرکووک بکرێتەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی شۆخان حەسیب شوانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سبەی بارەگاکەمان لە کەرکووک دەکەینەوە، کردنەوەشی لەم کاتەدا پەیامی تەبایی پارتی بۆ هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی کەرکووک دەگەیێنێت."
 
شۆخان حەسیب گوتیشی، "بە کردنەوەی ئەو بارەگایە، شکۆ بۆ کەرکووکییەکان دەگەڕێنینەوە و هەنگاوەکەش گوڕ و تینی زیاتر بە کەرکووکییەکان دەدات."
 
لەبارەی دواکەوتنی کاتی کردنەوەی بارەگای پارتی لە کەرکووک، ئەو ئەندامەی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی، "بارەگاکەی پێشوو گونجاو نەبوو بۆ کاروچالاکییەکانی حیزبەکەمان، سەرەڕای ئەوەش بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، بارەگاکە پێشکێشی زانکۆی کەرکوک کرا، ئەوەش وەک دیارییەک بۆ قوتابیانی شارەکە. بۆیە دواتر هەوڵمان دا شوێنێکی دیکە بۆ کردنەوەی بارەگا بدۆزینەوە و ئەو کارەش کاتی زۆری پێویست بوو."
 
شۆخان حەسیب دەڵێت، سەرجەم حیزب و نوێنەرایەتی پێکهاتەکان میوانداری کراون بۆ مەراسیمی کردنەوەی بارەگاکە.
 
دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستیان بەسەرداگیرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە