باڵی گردی زەرگەتەی گۆڕان: ئەمڕۆ کۆنفرانس دەبەستین

05-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

باڵی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، کۆنفرانسیان دوانەخستووە و ئەمڕۆ دەیبەستن.
 
هۆشیار عومەر عەلی‌، رێكخه‌ری ژووری په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی بزووتنەوەی گۆڕان (باڵی گردی زەرگەتە)، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ کۆنفرانس لەکاتی خۆیدا و لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت".
 
بەگوتەی هۆشیار عومەر، تاوەکو ئێستا دڵنیا نەبوونەتەوە کە لە کۆنفرانسدا رێکخەری گشتیی هەڵدەبژێن یان نا.
 
هەردوو باڵەکەی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێن، نووسراوی کۆمیسیۆنیان هەیە. باڵی کوردسات دەڵێت، دوێنێ بە نووسراوی ژمارەی 875 کە لە 27-03-2025 دەرچووە، ئاگادارکراونەتەوە کە 10ـی نیسان کۆنفرانس ببەستن.
 
باڵی گردی زەرگەتەش دەڵێت، 20-02-2025 فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان بە نووسراوی ژمارە 207 داوای لێکردوون وەک گۆڕان لە گردەکە و لە 05ـی نیسان کۆنفرانس بکەن.
 
رۆڤان سەروەت، رێگەپێدراوی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان (باڵی کوردسات)، دوێنێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ نووسراوی فەرمی کۆمیسیۆنمان بەدەست گەیشت، کە لە 10ـی ئەم مانگەدا کۆنفرانسەکە بکەین".
 
بەگوتەی رۆڤان سەروەت، بۆ کۆنفرانسەکەی 10ـی نیسان هەموو ئامادەکارییەکیان لەژێر راسپاردە و رێنماییەکانی فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ئۆفیسی پارێزگای سلێمانی کۆمیسیۆن کردووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە