رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە بەشێکی بازاڕی دارەسووتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە و دەیان دووکان سووتان. پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، زیانی گیانی نەبووە.
ئاگرەکە نزیک کاژێر 04:00ـی بەیانی ئەمڕۆ شەممەی بازاڕی دارە سووتاوەکە ئەو دووکانانەی گرتووەتەوە کە بە مەزادخانەی سەرەوە ناسراون.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و کۆنترۆڵکراوە".
پارێزگاری سلێمانی بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە زیانەکان خۆی چووەتە شوێنی رووداوەکە و دەڵێت: "لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکەن".
هاونیشتمانییەک کە سێ دووکانی لە بازاڕەکەدا هەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سێ دووکانم لێرەیە هەر سێیان سووتاون، کە بەتانی و دۆشەکی تێدایە و هەمووی سووتاوە، بە بەهای نزیکەی سێ دەفتەر دۆلار {30 هەزار دۆلار} زیانم بەرکەوتووە".
تاوەکو ئێستا بەرگری شارستانی ئاماری زیانەکانی نەخستووەتەڕوو، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە، نزیکەی 100 دووکان سووتاون یان زیانیان بەرکەتووە.
هاونیشتمانییەکی دیکە لە شوێنی رووداوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دووکانی خوشکەزایەکم لێرەیە هەموو شتەکانی سووتاون، کە هەموو شتەکانیان بە قەرز هێناوە".
هاونیشتمانییەکی دیکە گوتی: "کاژێر 06:00ـی بەیانی تەلەفۆنیان کرد و ئاگاداریان کردمەوە، دوو دووکانمان هەیە یەکێکیان سووتاوە".
کاسبکارانی بازاڕەکە لە رێگەی رووداوەوە داوایان کرد، شارەوانی سلێمانی لە خاوێنکردنەوەی بازاڕەکە و فڕێدانی پاشماوەکان هاوکارییان بکەن.
بەرگری شارستانی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دەکات، بەڵام کاسبکارانی زیانبەرکەوتوو دەڵێن، "هۆکارەکە شۆرتی کارەبا بووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ