رووداو دیجیتاڵ
لە کۆشکی ئیلیزێ لە پاریس، سەرۆکی فەرەنسا پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کورستان کرد و کۆبوونەوە. شارەزایەکی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەڵێت: "چوونی ماکرۆن بۆ بەردەم ئۆتۆمبێلی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و لەباوەشکردنی، نیشانی ئاستبەرزی پەیوەندییەکەیانە".
بارزان جەوهەر، مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، لە رووماڵێکی تۆڕی میدیایی رووداودا لەڕووی زمانی جەستەوە شرۆڤەی پێشوازییەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.
بارزان جەوهەر گوتی: "کۆبوونەوەکانی پێشتری سەرۆک نێچیرڤان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا چەند پلەیەک لە پلیکانەکان نەدەهاتە خوارەوە و تەوقەیان دەکرد و یەکیان لە باوەش دەگرت، بەڵام ئەمجارە دیاردەیەکی نوێ بوو، کە ماکرۆن هاتە بەردەم ئۆتۆمبێلەکە و باوەشی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دا".
ئەو شارەزایەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان ئاماژەی بە زمانی جەستەی کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆک کرد و گوتی: "لەڕووی زمانە جەستەوە دەتوانین ئەوە بخوێنینەوە، ماکرۆن جگە لەوەی پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان هەیە، تەنانەت پەیوەندی لەگەڵ پەیامنێری رووداویش هەیە، ئەوە پێمان دەڵێت، کە پەیوەندییەکان گەیشتوونەتە ئاستی بەرز".
بارزان جەوهەر گوتی: "ئێمە دەزانین بەگوێرەی تیۆری دروستکردنی بڕیار، کەسایەتییەکان رۆڵیان هەیە لە دروستکردنی بڕیارە سیاسییەکانی وڵات دا، هەردوو سەرۆک وەکو هەردوو سەرۆکی دەسەڵاتی راپەڕاندن لە هەرێمی کوردستان و فەرەنسا، گرنگی و رۆڵی تایبەتی هەیە".
ئەو شارەزایەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان خاڵیکی دیکەی پێشوازی سەرۆکی فەرەنسا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرنجی راکێشاوە و دەڵێت: "میوانداریکردنی خوانی نیوەڕۆ پێکەوە لە پاریس، ئەوەشمان پێدەڵێت پەیوەندییەکان گەیشتووەتە ئاستی بەرزی دیپلۆماسی و سیاسی".
ئەو شارەزایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە نزیکایەتییەکی نێوان هەردوو سەرۆک کرد و گوتی، لە چەند کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی جیهاندا لە رابردوودا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەکردووەتەوە، کە کێشەی غەززە بە شەڕ چارەسەر نابێت و لەگەڵ گفتوگۆی ئاشتیدا بووە؛ "بەهەمانشێوە سەرۆکی فەرەنساش هەمان بۆچوونی هەیە".
بارزان جەوهەر گوتی: "پەیوەندی و نزیکایەتییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ئەوە دەردەخات، سەرۆک نێچیرڤان بۆ ماکرۆن گرنگ بێت".
ئەو پسپۆڕەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گوتیشی: "جگە لە پرسی غەززە، چەند بابەتێک هەن لە ناوچەکە بۆ فەرەنسا گرنگن، بەتایبەت داعش و رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان، بەتایبەت دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا، کە ترسی لای عێراقییەکانیش دروستکردووە، بەگوێرەی ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستانە و لە نزیکەوە ئاگاداری ناوچەکەیە، دڵنیام زۆربەی گفتوگۆکانی لەگەڵ ماکرۆندا لەسەر بابەتی تیرۆر دەبێت".
بارزان جەوهەر باسی لە پرسی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لە دیداری هەردوو سەرۆکەکەدا کرد و گوتی: "پرسی کورد لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا. هەروەها کۆنگرەی نەتەوەیی کە لە چەند رۆژی رداهاتوودا لەلایەن مەزڵووم عەبدییەوە لە رۆژئاوای کوردستان دەکرێت، ئەوەش بەلای فەرەنساوە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە فەرەنسا زۆر گرنگی بە پرسی کورد لە سووریا و عێراق دەدات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ