دەستپێشخەریی نادیە موراد لە شنگال ئاهەنگی دەرچوون بۆ 55 منداڵ رێکدەخات

13-11-2023
عەدلە بەکر
ئاهەنگی دەرچوونی بەشێک لە منداڵەکان.
ئاهەنگی دەرچوونی بەشێک لە منداڵەکان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی نادیە موراد، باخچەیەکی منداڵان لە شنگال کراوەتەوە. باخچەکە منداڵی ئێزدی و موسڵمانیش وەردەگرێت. ئەم ساڵ ئاهەنگی دەرچوون بۆ 55 منداڵ دەکرێت. 
 
دایک و باوکی ئەیهانی تەمەن شەش ساڵ بە حەز و خۆشەویستییەکی زۆرەوە و بە ئومێدی پاشەڕۆژێکی گەش، کوڕەکەیان بۆ ئاهەنگی دەرچوونی لە باخچەی منداڵان ئامادە دەکەن.
 
بۆ ئەوەی کەسایەتییەکی بەهێزتری هەبێت و باش ئامادەبێت بۆ قوتابخانە، ماوەی شەش مانگە ئەیهان و پێنج منداڵی دیکە لە شنگال دەچنە باخچەی منداڵان.
 
حوسێن سەعید، باوکی ئەیهان سەبارەت بە باخچەی منداڵانی کوڕەکەی دەڵێت، "زۆر سوپاسگوزارین بۆ دەستپێشخەریی نادیە موراد و رێکخراوی سەنرایز کە ئەو باخچەی منداڵانیان کردەوە و بەهۆیەوە منداڵەکانمان فێری زۆر شت بوون و ئامادەن بۆ قوتابخانە، زۆر سوپاسیان دەکەین.''
 
ئەو منداڵانەی لە باخچەکە ئاهەنگی دەرچوونیانە، دڵخۆشن. ماریا نادم، یەکێکە لە منداڵەکان و دەڵێت، لە باخچەی ساوایان فێری "ئەی، بی سی ـیان کردین، یاری و خواردن و وێنەیان پێدەداین.''
 
تاوەکو ئێستا هیچ باخچەیەکی منداڵانی تایبەت یان حکومی لە سنووری شنگال نەبووە، بۆیە نوێنەری دەستپێشخەریی نادیە موراد کردنەوەی ئەو باخچەیەی منداڵان بە گرنگ دەبینێت.
 
سەلاح حەسەن، نوێنەری دەستپێشخەریی نادیە موراد دەڵێت، "ماوەی دوو ساڵە ئەم باخچەی منداڵانە دروستکراوە، ئەمڕۆ خولی سێیەمی باخچەکە ئاهەنگی دەرچوونیان بۆ دەکرێت، پرۆگرامی باشی وەکو فێربوونی پیتیان بۆ ئامادەکرا بوو، هەموو شتێک بەشێوەیەکی ناوازە بۆی رێکخرابوو، تەنانەت ژەمی خواردنیان پێدەدرا. ئەمڕۆ نزیکەی 55 منداڵ ئاهەنگی دەرچوونیان بۆ دەکرێت. بەهیوای ئەوەی منداڵەکان داهاتوویەکی گەشیان هەبێت." 
 
باخچەکە لە ساڵی 2021 کراوەتەوە و تەمەنی منداڵە بەشداربووەکان چوار بۆ شەش ساڵانە و کۆی ژمارەیان 490 منداڵ ئێزدی و موسڵمانی شنگالن. هەفتانە پێنج رۆژ و رۆژانەش بۆ ماوەی دوو کاژێر و نیو لەلایەن مامۆستای تایبەتەوە وانەیان پێدەگوترێتەوە. 
 
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.