رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی کۆمەڵگەی نەمسایی لەنێو زانکۆی کوردستان - هەولێر کرایەوە، کە ئامانجی هاوئاهەنگی ئەکادیمی و ئاڵوگۆڕی کولتوورییە، سەرۆکی زانکۆکەش دەڵێ "دەمانەوێت خوێندن بەنێودەوڵەتی بکەین."
محەممەد، تازە بووەتە ئەندازیاری نەوت و خوێندنی لە زانکۆی کوردستان تەواو کردووە. چوار مانگی کۆتایی قۆناخی چواری زانکۆی هاوشانی 9 خوێندکاری دیکە، لە وڵاتی نەمسا خوێندبوو، توێژینەوەکەشی هەر لەوێ ئامادەکرد و دواتر هێنابوویەوە زانکۆی کوردستان - هەولێر.
شەوی رابردوو (13-10-2024) محەممەد ئامادەی یەکێک لە بۆنە گرنگ و مێژووییەکانی زانکۆکەی بوو، ئەویش کردنەوەی سەنتەری نەمسایی بوو لەنێو زانکۆی کوردستان - هەولێر.
محەممەد دڵزار، دەرچووی زانکۆی کوردستان بە رووداوی گوت "زانکۆی مۆنتالیۆنی یەکێکە لە زانکۆ بەنێوبانگەکانی نەمسا، کە لە بابەتی توێژینەوە و لە رووی ئەکادیمییەوە زۆر پێشکەوتووە، لە رووی ئاڵوگۆڕی خوێندن زۆر سوودمان لێبینی و توانیمان شێوازی نوێی خوێندن ببینین."
ئامانج لە سەنتەری نەمسایی لەنێو زانکۆی کوردستان هەولێر، هاوئاهەنگیی ئەکادیمی و ئاڵوگۆڕی کولتووریی نێوان کورد و نەمساییەکانە.
د. دانا مەولوود، دامەزرێنەری سەنتەری نەمسایی دەڵێ "پێی دەڵێن دووەڵ پرۆگرام، ئەو پرۆگرامە بریتییە لەوەی 20 قوتابی دەتوانن لەسەر Reservoir engineering (لقێکی ئەندازیاریی تایبەت بە سووتەمەنی) کە کوردستان زۆر پێویستیێتی دەتوانن لە نەمسا بڕوانامەی نەمسایی، هەروەها بڕوانامەی زانکۆی کوردستان - هەولێر وەربگرن."
د. کیس شارپ، سەرۆکی زانکۆی کوردستان - هەولێر بە رووداوی گوت "بەنێودەوڵەتیبوون بەشێکە لە پلانی ستراتیژیی فێرکردنمان. ئێمە، زۆر بەپەرۆشین خوێندکارانمان ئەزموونی کولتوورەکانی دیکە بکەن، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بڕۆن بۆ شوێنەکانی دیکەی جیهان، یاخود ماوەیەکی درێژ وەک شەش مانگ و زیاتر."
هایدی پەرلەمانتارێکی هەرێمی ڤیەننایە، ژنێکی پڕ وزە و گەشبینە لە ئاست کوردستان و زانکۆی کوردستان - هەولێر. ئەو، هیوادارە خوێندکاران لەم سەنتەرە نەمساییەوە یەکەم شت کاری لەسەر بکەن؛ هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی و کەمکردنەوەی ئۆتۆمبێل بێت لە هەرێمی کوردستان.
هایدی سیکوێنز، پەرلەمانتاری نەمسا گوتی "سەیری هەولێر دەکەم، گواستنەوەی گشتی زۆر نییە، بۆیە شارەکە پڕبووە لە ئۆتۆمبێل، بەنزین گرانە تەنانەت لێرەش، هیچ بۆشاییەکمان نەماوە کە چیدیکە ئۆتۆمبێلی گەورە لێبخوڕین، بۆیە ئێرە دەتوانرێت هەنگاوی یەکەم بێت تاوەکو بیرکردنەوەمانی لێبگۆڕین. هیوادارم ستاندارد و شێوازی فێرکردن لەم زانکۆیەوە بگوازرێتەوە بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق."
زانکۆی کوردستان لە ماوەی دوو ساڵدا 20 خوێندکاری بە پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی خوێندن ناردووەتە نەمسا، کە وەرزێکی خوێندنیان لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە تەواو کردووە، جگە لە نەمساش ساڵانە نزیکەی 50 قوتابی بۆ گەشتی چەند رۆژە و ئاڵۆگۆڕی ئەکادیمی ناردووە بۆ وڵاتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ