رووداو - هەولێر
وەزیری دەرەوەی نەمسا گوتاری هاندان و پاڵپشتیی وڵاتەکەی پێشکێش بە بازرگانانی نەمسایی و کوردی کرد، ئەوەش لە کۆڕبەندی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و نەمسا وەکو بەشێک لە پلانی سەردانەکەی بۆ هەولێر.
ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا رایگەیاند، "لەڕاستیدا لێرەم لەگەڵ 10 کۆمپانیای نەمسایی و ئەوەش نیشانەی متمانەیە. ئێمە بەردەوام دەبین و کۆمپانیا نەمساییەکانیش دەیانەوێت وەبەرهێنان بکەن و پەیوەندییەکانمان بەرەوپێش ببەین."
کۆڕبەندەکە لەلایەن ئۆفیسی ئابووریی باڵیۆزخانەی نەمساوە رێکخرا. میران وەکو بازرگانێکی کورد لە کۆڕبەندەکە بەشدارە، ئەو لە 2012وە خەریکی وەبەرهێنانە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیایەکی گەورەی نەمسایی، کاری کۆمپانیاکەی میران بەرهەمهێنانی کیسەی کاخەزە بۆ مەوادی باڵەخانەکان و بە گوتەی خۆی 70%ی پێویستیی بازاڕی عێراق لەو رووەوە لەلای ئەوان پڕدەکرێتەوە.
میران هاوڕێ، بازرگانی کورد دەڵێت، "دەرفەتێک هەیە لە زۆر بواردا ئیشی تێدا بکرێت، نەمسا وڵاتێکە تەکنەلۆژیای هەیە لە زۆر بواردا، پێموایە بتوانن تەکنەلۆژیاکان و کارگەکانیان بهێننە ناو هەرێمی کوردستانەوە، دەبێتە شتێکی زۆر باش."
لە پەراوێزی کۆڕبەندەکە، بازرگانە کوردەکان و نەمساییەکان کۆبوونەوە. تۆماس نوێنەری کۆمپانیایەکی ریسایکلینی نەمساییە و لە شاندەکەی وەزیری دەرەوەی نەمسایە، ئەو دوای 30 ساڵ وەستان لە سەرنج خستنەسەر بازاڕی عێراق دووبارە بڕیاریداوە عێراق و هەرێمی کوردستان بخاتەوە ریزی ئەو 100 وڵاتەی کە کۆمپانیاکەی کاری تێدا دەکات.
تۆماس چیدیخەر، بازرگانی نەمسایی دەڵێت، "لەو کۆبوونەوانەدا بازرگانی زۆرمان بینین و ئێمە زۆر دڵخۆشین کە توانیمان دوێنێ لە بەغدا رێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیایەک بەناوی بابە رەحمە واژۆ بکەین. لە هەولێر لەگەڵ کڕیارانمان گفتوگۆمان هەبووە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە ئامێرەکانمان بهێنینە ئێرە. پێموایە لێرە توانایەکی زۆر هەیە و هیواخوازین بتوانین لێرە پەیوەندیی بازرگانی دروستبکەین."
نەمسا یەکێک لە 14 دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهانە لەڕووی بەرهەمی نێوخۆییەوە. بەگوێرەی ئاماری باڵیۆزخانەی نەمسا، ئێستا نزیکەی 55 کۆمپانیای نەمسایی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ