نوێنەرێکی هەڵەبجە: دووشەممە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تێدەپەڕێت

12-04-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە کۆدەبێتەوە و دەنگدان بە پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە بەرنامەی کاردایە. نوێنەرێکی هەڵەبجە دەڵێت: "رێککەوتنی سیاسی کراوە و پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تێدەپەڕێت".
 
بەگوێرەی بەرنامەی کار، دانیشتنەکە کاژێر یەکی دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 14ـی نیسانی 2025 دەستپێدەکات، دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە یەکەم بڕگەی بەرنامەی کار دانراوە.
 
موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە نوێنەری هەڵەبجەیە، ئەمڕۆ شەممە 12ـی نیسانی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی زیادکردنی بڕگەی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای وەزارەتی پەروەردە، چاوەڕوان دەکرێت رێژەی یاسایی ئامادەبوون تەواو بێت.
 
پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، تەنیا دەنگدانی ماوە، چەند جارێک پڕۆژەکە خراوەتە بەرنامەی کارەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی هەندێک لە لایەنە سوننە و شیعەکانەوە دەنگی لەسەر نەدراوە.
 
بە گوتەی موسەننا ئەمین، ئێستا داواکاریی زۆری مامۆستایان بۆ هەموارکردنی یاسای وەزارەتی پەروەردە و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان هەیە، بۆیە پەرلەمانتاران لە ترسی شەقام ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن و هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەنگی لەسەر بدرێت.
 
هەر لەوبارەوە، چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نوێنەری هەڵەبجە، ئەمڕۆ شەممە 12ـی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رێککەوتنی سیاسی کراوە و پشت بەخودا، رۆژی دووشەممە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تێدەپەڕێت".
 
پێنجشەممەی رابردوو، ئەو پەرلەمانتارە بە رووداوی گوت، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەکهەڵوێستن و بڕیاریان داوە، تاوەکو دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە نەخرێتە بەرنامەی کارەوە، بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان نەکەن.
 
ئەو پەرلەمانتارە کوردە جەختی لەوە کردەوە، رازی نابن دەنگدان بە پڕۆژەیاسای هەڵەبجە بە هیچ پڕۆژەیاسایەکی دیکەوە ببەسترێتەوە.
  
جگە لە هەڵەبجە، ژمارەیەک پڕۆژەیاسای دیکە لە کارنامەی کاری کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی پەرلەمان دان.
 
دیارترینیان پرۆژەیاساکان، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای وەزارەتی پەروەردە، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە، خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی هەمواری یاسای ئەنجوومەنی نوێنەران. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە