لە ئاژەڵی ماڵییەوە بۆ کێوی؛ چیرۆکی ئەو گوێرەکەیەی لە ئامەد 8 مانگە بە کەس ناگیرێتەوە

12-04-2025
عەبدولسەلام ئاکنجی
گوێرەکە یاخیبووەکە
گوێرەکە یاخیبووەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی سیماقی سەر بە سووری ئامەد، گوێرەکەیەک کاتێک تەمەنی یەک مانگ بووە، هەڵاتووە و 8 مانگە بە کەس ناگیرێتەوە. 
 
بەپێی قسەی دانیشتووانی گوندی سیماقی، ئەو گوێرەکەیە 8 مانگ لەمەوپێش لەدەست دەرچووە، کەوتووەتە چۆڵەوانی و نەگەڕاوەتەوە. تەنانەت لە زستانیشدا لە کەناری رووباری دیجلە لەگەڵ بەراز و ئاژەڵە کێوییەکانی دیکە ماوەتەوە.
 
گوندییەکان و خاوەنی گوێڕەکەکەش، سەریان سووڕماوە کە بۆچی رۆیشتووە و ناگەڕێتەوە. بەردەوام لە دەورووبەری گوندەکە دەلەوەڕێت و ناگەڕێتەوە. جووڵە و هەڵسووکەوتی گوێرەکەکە وەکو ئاژەڵێکی کێوی لێهاتووە.
 
کاتێک تیمی رووداو لە گوندەکە بوون، تیمەکانی شارەوانییش چوون تاوەکو بە دەرزی گوێرەکەکە بگرن، بەڵام گوێرەکە کێوییەکە هەر هەڵات و هەلی نەدا کەسێک نزیکی بێت. 
 
شەعبان کوت، ئامۆزای خاوەنی گوێرەکەکە دەڵێت، "ئەو کاتەی بچووک بوو، لە ئاخوڕدا بوو، کچی مامم لە ئاخوڕ دەریهێنا، گوێرەکەکە لێیدا و برینداری کرد. ئینجا من گوتم دەچم گوێرەکەکە دەگرم، بەڵام لەمنیشی دا و منیشی بریندارکرد. سێ رۆژ لەناو جێگادا مامەوە، لێیدام. تائێستا بۆمان ناگیرێتەوە".
 
لە ماوەی 8 مانگدا چەندین جار هەوڵدراوە گوێرەکەکە بگیرێتەوە، بەڵام هەموو جارێک وەکو ئاژەڵێکی کێوی لە گوندییەکان هەڵدێت و ناتوانن بیگرن.
 
مەحمەت مەشە، دراوسێی خاوەنی گوێرەکەکە دەڵێت: "هەموو کەس ئەم ئاژەڵە دەبینن و دەڵێن ئەوەتا لێرەیە. وا ئەمڕۆ بوو بە قیسمەتی ئێوە، ئینشاڵڵا دەیگرین."
 
تیمەکانی بەشی تەندروستیی شارەوانیی گەورەی ئامەد بە چەکێک کە دەرزی هۆشبەری دەهاوێشت، ویستیان گوێرەکەکە زەوت بکەن، بەڵام گوێرەکە کێوییەکە بە هیچ شێوەیەک هەلی نەدا بە تیمە پسپۆڕەکان.
 
خاوەنی گوێرەکەکە بە رووداوی گوت، "ئەگەر بگەڕێتەوە، ئەوە گوێرەکەی منە، بەڵام ئەگەر نەگەڕێتەوە، با گیانی منداڵەکانم ساخ بێت. دایکی بێچارە بوو، ئەمە ترسا... ترسا. ئێمە گوتمان ئەگەر بێتەوە، ئێمە خاوەندارێتی دەکەین. وەرە، ئێمە نایفرۆشین و خاوەندارێتی دەکەین."
 
دوای هەموو هەوڵەکان، گوێرەکەکە هەر نەگیرا، تیمەکانی شارەوانی گەڕانەوە شار و گوێرەکە تووڕەکەش دیسان کەوتەوە چۆڵەوانی و لە چاوان ون بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

دیداری یەکێتی بەڕێوەدەچێت و دەستکاریی هەیکەلی حیزبەکە دەکرێت

بڕیارە چوارشەممە 23-04-2025 دیداری یەکێتی بەڕێوەبچێت. لە دیدارەکەدا چەندین پێشنیاز بۆ گۆڕانکاریی نێوخۆیی حیزبەکە دەدرێتە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و سەرۆکی حیزبەکەش چەند گۆڕانکارییەک دەکات