دوو عەرەبی هاوردە لە کەرکووک سکاڵا لەسەر سێ جووتیارى کورد تۆمار دەکەن

21-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو عەرەبى هاوردە سکاڵا لەسەر سێ جووتیارى کورد لە کەرکووک تۆمار دەکەن، بە تۆمەتى کێڵانى زەوییەکانیان کە لە بنەڕەتدا جووتیارە کوردەکان خاوەنى زەوییەکانن. دادگەیەکى شارەکە بڕیار دەدات نوێنەرى بەڕێوەبەرایەتیى کشتوکاڵ بخاتە نێو دۆسیەکەوە.
 
دادگاییکردنى ئەو سێ جووتیارە کوردە 20ى نیسانى 2025 لە دادگەى دووبز لە کەرکووک بەڕێوەچوو. ئەو زەویانە لە سنوورى ناحیەى سەرگەڕانن.
 
محەممەد ئەمین، نوێنەرى جووتیارانى سەرگەڕان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو دوو عەرەبە هاوردە سکاڵایان تۆمار کردووە کە گرێبەستى ئەو زەویانەیان هەبووە، بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیى کشتوکاڵەوە هەڵوەشێندراونەتەوە. دادگە بڕیاری دا 4ى ئایار دانیشتنێکى دیکە بکات و نوێنەرى یاسایی بەڕێوەبەرایەتیى کشتووکاڵى کەرکووک بانگهێشت بکرێت."
 
سکاڵاکان بەهۆی ئەوەیە گوایە سێ جووتیارە کوردەکە زەوییەکانى ئەوانیان چاندووە، کە دەکەونە سنوورى گوندەکانى شەناخە و سەربەشاخ. محەممەد ئەمین گوتى، "ئەو زەویانە هى باپیرى سێ جووتیارە کوردەکەن و لێیان داگیرکراوە."
 
گرێبەستى کشتوکاڵى، یەکێکە لەو هەنگاوانەى لە سەردەمى دەسەڵاتى بەعس زەویى کورد و تورکمانى لە کەرکوووک پێ داگیرکرا و کرا بەناوى عەرەبی هاوردە، کە زیاتر لە 900 هەزار دۆنمە.
 
دەبوو ئەو زەوییانە بەگوێرەى بڕیاری ژمارە 29ى ساڵى 2012ى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بگەڕێندرابانەوە بۆ خاوەنەکانیان، بەڵام وەک خۆى جێبەجێ نەکراوە.
 
بە گوتەى نوێنەرى جووتیارانى سەرگەڕان، گرێبەستى ئەو زەویانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیى کشتوکاڵى کەرکووکەوە راگیراوە، بەڵام دواتر ئەو دوو عەرەبە لە رێگەى سکاڵایەکەوە لە دادگە رەزامەندییان وەرگرتووە بۆ بەکارهێنانى.
 
بەگوێرەى نووسراوێک کە بەڕێوەبەرایەتیى کشتوکاڵى کەرکووک لە 9ى تشرینى یەکەمى 2022 ئاراستەى بەڕێوەبەرى ناحیەى سەرگەڕانى کردووە لەبارەى زەوییە کشتوکاڵیەکانى ئەو سنوورە، دەرچوونى بڕیارى دادگە بۆ هەڵگرتنى راگرتنى مامەڵەکردن پێیانەوە( حیجز) پەیوەندى بەنوێکردنەوەى گرێبەستەکان نییە و ئەوە لە دەسەڵاتى بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە