رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای هەولێر دەڵێت، نزیکەی 73%ـی کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر تەواو بووە. بەرپرسی یەکێک لە پڕۆژەکانی ئاو دەڵێت، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، بەشێکی بیرەکانی هەولێر لەکار دەخرێن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای هەولێر کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، تەممووزی ئەم ساڵ بەشی یەکەمی پڕۆژەکە دەکەوێتە کار و ئاو دەگەیێندرێتە گەڕەکەکانی سنووری شارەوانییەکانی چوار، پێنج و شەشی هەولێر.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە: "پڕۆژەکە توانای هەیە لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات کە دەکاتە 60٪ـی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40٪ـەکەی دیکەش لەڕێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت. بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیەش، 100٪ کێشەی ئاو بۆ دەیان ساڵ لە هەولێر بنبڕ دەکرێت".
ئەندازیار هیوا عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 3ـی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاو، ئەو بیرە ئاوانەی لەسەر ئەو گەڕەکانەن ئاوی ئیفرازەکانیان هەیە، پێویست نابن و لەکار دەخرێن".
هیوا عەبدولڕەزاق گوتی: "دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە، تەنیا ئەو بیرانە دەمێننەوە کە ئاوی ئیفراز یان پڕۆژەی فریاگوزارییان تاوەکو ئەو کاتە پێنەگەیشتووە. ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیی ئاو تۆڕی ئاویان بۆ رابکێشێت، لە داهاتوودا پێویست بە هیچ بیرێکی ئاو نامێنێت".
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی نزیکەی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 3ـی هەولێر، پڕۆژەکەیان ئێستا لە 24 کاژێردا 175 هەزار مەترسێجا ئاو بۆ بەشێکی گەڕەکەکانی هەولێر دابین دەکات و بەگوێرەی خشتەیەک، هەر گەڕەکە و رۆژناڕۆژێک ئاوی پێ دەدرێت.
بەشێکی هەولێر ساڵانە لە وەرزی هاویندا کێشەی کەمئاوی بۆ دروست دەبێت. بۆ بنبڕکردنی کێشەکە، 08-09-2024، مهسرور بارزانى، سهرۆكى حكومهتى ههرێمى كوردستان، بهردى بناخهى پڕۆژهى فرياگوزاریی خێراى ئاوى ههولێری دانا.
ئێستا جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ